بریارەکەی دادگەی فیدراڵی پەڵەیەکی ڕەشی مێژوویی
فرسەت سەیدشکور
بڕیاری دوورخستنەوەی (ھۆشیار زێباریی) کاندید بۆ سەرۆککۆماری عێراق، بڕیارێکی تەواو سیاسییە، ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، ئەو کە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە بەتۆمەتی گەندەڵی ، چووەتە دادگەی " کەرخ"و بێتاوانی خۆی سەلماندووە واتا لە ڕووی ، یاساییەوە ھیچ کێشەیەکی نەبووە.
بەڵام "دادگەی فیدراڵی" کەوتە ھەڵەیەکی گەورەی مێژوویی تەواو سیاسیی، ئەمە جیالەوەی کە ئەم دادگەیە ھەرگیز سەربەخۆ نەبووە، لەژێر کاریگەری ئێران و ھێزە میلیشیاکانی حەشدی شەعیبەوە بووە.
باسی گەندەڵی دەکرێت، لەوە گەڕێین کە (ھۆشیار زێباریی) ھیچ دۆسییەکی ئەوتۆی لەسەر ساغ نەبووەتەوە، بەڵام کامە بەرپرسی عێراقی ھەیە، گەندەڵ نەبووبێت، کامەیان دەیان دۆسییەی دزی و بەھەدەردانی سامانی گشییان نییە، بۆ دادگە ڕۆڵی نییە؟
لای ھەمووان ڕوونە کە ئەم بڕیارانە شەرعیەتی نییە و لەژێر کاریگەریی و ترس و تۆقاندن قەرارەکانی دراون، ھەربۆیە ھیچ بایەخێکی نییە.
ئەو ھێزە دۆڕاوانەی کە لەژێر جووڵاندنی ئەم دۆسییە درۆینەیەوە بوون، ئەو حیزبانەی دەنگی خەڵکیان لە عێراق و ھەرێم لەدەستداوە، لە ترسی بەھێزی کاندیدەکەی "پارتی" کەوتنە دروستکردنی کەیسی ناڕاست و بێ ئەساس چونکە باش دەیانزانی بە ئاسانی دەبێتە سەرۆککۆمار، ئەم حیللەیە لە ترس و لاوازیی و بێ تواناییەوە سەرچاوە دەگرێت، دەنا ئەگەر مەرد بووبان، لە پەرلەمانی عێراق دەردەکەوت کێ دزە، کێ گەندەڵە، کێ حورمەتی سیاسیی خۆی لەدەستداوە.