ڕۆژی نیشتیمانپەروەرییە
هەر هێزێک چ لە عێراقی عەرەبی یان لە هەرێمی کوردستان بێت، ڕێز لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ تایبەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بگرێت، پێ بزانێت یان نا داننانە بە هەموو تاوانەکانی رژێمەکانی پێشوو کە بەرامبەر خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون.
هەرێمی کوردستان بە خەبات و خوێن ئەم ئیدارەیەی بونیادناوە، ناکرێت تازە بە تازە هەموو دەسەڵاتێک بۆ بەغدا بگەڕێنرێتەوە و بەغدا کوردستان بەڕێوە بەرێت.
لەم قۆناغەدا گرنگە هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان، وێڕای جیاوازییەکانی نێوانیان بە یەکەوە کۆببنەوە، لە لایەک بۆ ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ و ئەوانەی لە پشت دەرچواندنین، لە لایەکی دی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق دەست بە گفتوگۆیەکی جدی بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، چونکە بە لەبەرچاوگرتنی زنجیرە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ، ئەگەر سنوورێک دانەنرێت، بە دوور نازانرێت، جارێکی دی بە بڕیارێکی سیاسی تەهجیر و تەعریب، مەجلیسی تەشریعی و ئەمانە عامەکان دووبارە نەکرێنەوە.