نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ماتیۆ توله‌ر باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كۆ بووه‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 30ی ئادار، ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوى كرده‌وه، باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا نامه‌یه‌كی سه‌رۆك جۆ بایدن سه‌رۆكی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای گه‌یانده نێچیرڤان بارزانی، تێیدا دووپات له پشتگیریی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه.
هه‌ردوولا دۆخی سیاسیی عێراق، هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێشبینییه‌كانیان بۆ داهاتووی پرۆسه‌ی سیاسی‌یان له وڵات تاوتوێ كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیی هه‌بوونی سیستمێكی حوكمڕانیی ته‌ندروست له عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای متمانه و هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه و پابه‌ندی به ده‌ستوور و بنه‌ماكانیه‌وه، كه ته‌نیا ڕێیه بۆ ئارامی و سه‌قامگیری. دووپاتیان له گرنگیی بنیاتنانی متمانه و لێكگه‌یشتنی هاوبه‌شی نێوان لایه‌نه عێراقییه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرده‌وه.