لیوا بابەكر فەقێ: سووتاندنی بارەگا پیشەی ترسنۆکانە، ئەگەر ئازان با خۆیان بەرامبەر پێشمەرگە تاقی بکەنەوە


 فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌، كه‌ پێشووتر به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌زگای رۆشنبیری و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بوو و ئێستا وه‌ك شاره‌زای سه‌ربازیی ئه‌ركی هه‌یه‌، باس له‌و هێرشه‌ ترسنۆكانه‌ ده‌كات، كە كرایه‌ سه‌ر لقی پارتی لە بەغدا و دەڵێت “وه‌رن به‌ باره‌گا نا، به ‌پێشمه‌رگه‌ بوێرن”.

لیوا بابه‌كر فه‌قێ، فه‌رمانده‌ی پێشووی پێشمه‌رگه‌،  “پارتی هه‌ڵقوڵاوی مەیدانی خەبات و خوێنی شه‌هیدان و به‌رخودانه‌، هیچ با و ته‌وژمێك ناتوانێت كار لە‌ پارتی و پێشمه‌رگه‌ و ئیراده‌ی گه‌لی كورد بكات، هەربۆیەشە‌ رژێمە یه‌ك له‌دوای یه‌كەكان و دامه‌زراوه‌كانی پێشووی سوپای عێراق، كه‌ پێنجه‌م هێزی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوون، نه‌یان توانی‌ ئیراده‌ی گه‌لی كورد و پێشمه‌رگه‌ بشكێنن. پێشمه‌رگه‌ ئه‌و هێزه‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌یە،‌ كه‌ ئه‌نفال و كیمیاباران نه‌یانتوانی‌ ‌ چۆكی پێ دابدەن و بیچه‌مێنن”.

گوتیشی: “دوژمنان با باش بزانن، ئێمه‌ خاوه‌نی كێشەیەكی رەوا و خاوه‌نی سه‌رۆك بارزانیین، كه‌ سیاسه‌تێكی حەكیمانە و پێكه‌وه‌ژیانی هه‌یه،‌ كاتێك شه‌ڕی داعش كرا، برا عه‌ره‌به سوننه‌كان و كورده‌كانی مووسڵ و سووریا هیچیان روویان له‌ به‌غدا نه‌كرد، بەڵكوو روویان له‌ كوردستان و بێشكه‌ی پێكه‌وه‌ژیان كرد، كوردستان شوێنی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و پێكهاتەكانە،‌ زۆدار و سته‌مكاران ناتوانن ئه‌و ئیراده‌ و پێشكه‌وه‌ژیانه به ‌سووتانی باره‌گایه‌ك بشكێنن”.

ئەو فه‌رمانده‌یەی پێشووی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: “سووتانی باره‌گای پارتی له‌ به‌غدا نیشانه‌ی ترسنۆكیی ئەو هێزانەیە‌ نه‌ك ئازایه‌تییان، پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌نگه‌ری خۆیه‌تی با بێن خۆیان تاقی بكه‌نه‌وه، كە‌ چۆن پێشتر لووتیان شكا، جارێكی دیكە ئاوها به‌ سه‌رشۆڕی به‌رامبه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ئیراده‌یان به‌رامبه‌ر به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بشكێت، به‌و هه‌وڵه‌ ترسنۆكانەی دەیدەن، ئیراده‌ی پێشمه‌رگه‌ لە جاران به‌هێزتر ده‌بێت”.

راشی گه‌یاند: “پێشمه‌رگه‌ له‌ مەیدانی سه‌ربازیدا بەرگریی دەكات و داستان تۆمار ده‌كات، نه‌ك سووتاندنی باره‌گا، كە پیشەی ترسنۆكانە، گوته‌یه‌كی بارزانی هه‌یه، كە‌ له‌ 24ی 4ی 74 لە قه‌ڵادزێ درا، بڕیار وابوو ئه‌و فڕۆكەوانەی بۆردومانەكەی كرد،‌ لێی بدرێت، مستەفا بارزانی گوتی (مادام له‌ناو خه‌ڵكی مه‌ده‌نیدایه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی نه‌كوژرێت، نابێ ئه‌وه‌ بكرێت). ئه‌وەیە‌ قوتابخانه‌ی مرۆڤایه‌تی. بەڵام هه‌ر كه‌سێكیش ده‌ستپێشخه‌ریی شەڕ و ستەم دژ بە پێشمەرگە و گەلی كورد بكات، ئەوا جه‌رگیان ده‌بڕین و فلیمی سحێلا و پردێیان پێ پیشان دەدەینەوە”.

چەند شەوێك لەمەوبەر و پاش ئەوەی كەسێك بە ناوی (نایف كوردستانی) كە لە دان پێدانانی فەرمیی خۆیدا ئاشكرای كردووە، لە ژێر گوشاری یەكێتی و حەشدی شەعبی، تویتێكی كردووە و تێیدا هێرشی كردۆتە سەر مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، میدیای یەكێتی و میدیای حەشدی شەعبی هانی خەڵكی تێكدەریان دا بۆ پەلاماردانی بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و بە ئامانجەكەشیان گەیشتن كە تێكدەرەكان بارەگاكەیان سووتاند.

دوێنێ سێشەممە 29ی ئاداری 2022، لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی و وەك پەیامێك بەرامبەر بەوەی كە پایتەختی عێراق چیتر جێگەی هێزێكی كوردستانی تێدا نابێتەوە، بارەگاكە تەختی زەوی كرا.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال