لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر بانگێشت کرا


 بەمەبەستی گەیاندنی ناڕەزایی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت کرا


بەمەبەستی گەیاندنی نارەزایی فەرمی حکومەتی هەرێم بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٤/٣/٢٠٢٢ کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کراو هەڵوێست و ناڕەزاییەکانی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانی ئاراستەکرا کە بەهۆی بۆردومانە موشەکییەکان زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوەو ترس و دڵەڕاوکێی لە ناو دانیشتوانی هەرێم دروستکرد.


فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە و جیهانە، لەو پێناوەشدا هەوڵی بەردەوامی هەبووەو قوربانی زۆری داوە. هیچ کات بەشێک نەبووە لە کێشەکان و هەمیشە هەوڵی چارەسەری داوە بە ڕێگەی دیالۆگ بۆ کێشەکان. داوا دەکەین چیتر هەرێمی کوردستان بە پاساوی بێ بنەماو دوور لەڕاستی نەکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان.


وێڕای سەرکۆنە کردنی توندی ئەم هێرشانە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە ئەم جۆرە رەفتارە بی پاساوانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بوەستێندرێت و رێز لەسەروەری خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان بگیرێت. چونکە ئەم کردەوانە پێچەوانەی بنەمای دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان وڵاتان و دراوسێیەتییە. بە تایبەت ئێمە کە مێژوویەکی دوورودرێژمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیەو دەخوازین کە ئەم پەیوەندیانە بەردەوام بن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و سوودو بەرژەوەندی هەردوولا.


ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە کە بۆ موشەکبارانکردنی هەولێر کراون بە بیانوو، هەروەها پشتگیری لە پێکهێنانی لێژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی راستیەکان، بۆئەوەی چیتر بە پاساوی بێ بنەما خاک و خەڵکی سڤیلی ئاشتی خوازی هەرێم بە ئامانج نەکرێن.


ڕاگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت

أحدث أقدم

نموذج الاتصال