یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ڕێگەی پەرلەمانتارێكیەوە دان بەوەدا دەنێت كە مووشەكبارانكردنی چەند شوێنێكی شاری هەولێر لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندی بە بوونی بنكەی ئیسرائیلەوە نەبووە، بەڵكوو دەرئەنجامی هاوكێشەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەركۆمار و حكوومەتی نوێی عێراق بووە.
سۆزان مەنسوڕ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكیدا كە میدیای یەكێتی بڵاویان كردۆتەوە، دانی بەوەدا ناوە كە مووشەكبارانەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر پەیوەندی بە بوونی بنكەی ئیسرائیلەوە نەبووە و گوتوویەتی: ”لە پێناو دووبارەنەبوونەوەی مووشەكبارانەكەی هەولێر، نابێت بەرژەوەندیی باڵای كوردستان بخرێتە قوربانیی پۆستی سەركۆمار و بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانەوە ڕێگا بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان خۆش بكرێت“.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر چەندان چاودێر و كەسایەتیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان رایانگەیاندبوو، مووشەكبارانەكەی سەر هەولێر هیچ پەیوەندی بە بوونی بنكەی ئیسرائیلەوە نییە، بەڵكوو فشاری ئێرانە بۆ ئەوەی لایەنگرانی سەر بە ئێران لە پۆستە باڵاكانی عێراق و كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق پشكیان پێ بدرێت.
لایەنەكانی سەر بە ئێران لە عێراق، لە نێو هاوپەیمانێتییەك بە ناوی (چوارچێوەی هەماهەنگی) كۆبوونەتەوە كە سەرجەمیان لایەنی عەرەبی شیعەن و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە هەموو هەنگاوێكدا هاودەنگ و هاوڕایانە.