پێشنیاركراوە خانەنیشنانی مەدەنی و سەربازی لە وەرگرتنی مووچە پێشبخرێن بۆ یەكەم شوێن.
ماڵپەڕی بوارنیوز بڵاویكردەوە: لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانیەكان و بەڕێوەبەری جوڵەی دراو كۆبۆتەوە.
ئامانجی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە چارەسەركردنی كێشەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی كە لە ئێستادا كۆتا شوێنن لە وەرگرتنی مووچەدا، لە كاتی وەرگرتنی مووچەدا چەند كەسێك گیانیان لەدەستدا و چەند كەسێكی تریش برینداربوون.
لەو كۆبونەوەیەدا پێشنیار كراوە، خانەنشینان یەكەم شوێن بن كە مووچە وەربگرن، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لە مانگی ڕابردوو دروست بوون، دووبارە نەبنەوە.
ئەم كۆبونەوەیە لە كاتێكدایە، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پابەندی دەوامكردن نییە لە وەزارەتەكەی و لە ماڵەوە كاروبارەكان رایی دەكات و داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان كردووە كەسێكی تر لە شوێنی دابنرێت.