ئازارەكانی شنگال هەر بەردەوامن
لە سێی مانگی ئەگۆستی 2014 داعش پەلاماری دەڤەری شنگالی دا و لە ئەنجامدا تاوانی گەورە لە بەرانبەر هاووڵاتیانی بێگوناحی ئێزیدی بە تایبەت دانیشتوانی كۆمەڵگەكانی باشووری چیای شنگال لە لایەن تیرۆریستانەوە ئەنجام درا. كارەساتەكەی شنگال درێژەپێدەری ئەو كارەساتانە بوو كە بە درێژایی مێژوو بەسەر گەلی كورددا هاتبوو. لە كارەساتی شنگالدا ئێزیدییەكان كەوتنەبەر شمشێری جەهالەت و تیرۆر كە لە وەحشیگەریدا وێنەی لە مێژوودا كەمه. ئەو ڕقە گەورەیەی بەرانبەر ئێزیدییەكان هەبوو دەگەڕایەوە بۆ كوردبوون و ئایینەكەیان. تاوانەكان نامرۆڤانە و قێزەوەن بوون و وەحشیگەریی داعش و ئایدیۆلۆژیا چڵكەنەكەی زیاتر بۆ هەموو جیهان دەركەوت. بە داخەوە لەبەرانبەر ئەو تڕاژیدیایە بەشێكی هێزە سیاسییەكانی كورد ئەم كارەساتەیان قۆستەوە بۆ لەكەداركردنی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە. لە تۆڵەسەندنەوە و سارێژكردنی ئەم برینە قووڵەدا بەشدار نەبوون بەڵكو ویستیان بە لێكدانەوەی سەیر و سەمەرە برینی شنگال قووڵتر بكەن و پارتی دیموكراتی كوردستان كە زەرەرمەندی سەرەكیی شەڕی داعش بوو هێندەی تر ئازار بدەن.
شنگال فرۆشرا… ڕادەستی داعش كرا… پێشمەرگە هەڵات… و هتد. بەشێکیان هەر نەیاندەزانی شنگال چیەو کەوتووەتە کوێ کەچی ویستیان بەم لێكدانەوانە جەلادی سەرەكی كە داعشە ون بكەن و خەڵك هۆكارەكانی كەوتنی شنگالیش نەزانن.
شنگال بۆ كەوت؟
بۆ ئەوەی كورد ئەم كارەساتە وەك ئەزموونێك وەربگرێت ئەبێ هۆكارە ڕاستەقینەكانی وەك خۆی باس بكرێت و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە بگیرێت:
یەكەم: گەورەترین هۆكاری كەوتنی شنگال جیۆگرافیاكەی بوو. شنگال لە خاكی هەرێمەوە حەفتا هەتا نەوەد كیلۆمەتر لە كوردستانەوە دوورە و وەك دوورگەیەك بە ناوچە عەرەبنشینەكانەوە دەور درابوو. ڕێگە سەرەكییەكانی شنگال (ڕەبیعه شنگال. زومار شنگال. تەلەعفەر شنگال) بەنێو عەرەبەكاندا تێدەپەڕێت. لە كاتی هاتنی داعش هەموو ئەو ڕێگە سەرەكیانە لە لایەن هۆزە عەرەبەكانەوە پچڕێندرا و شنگال ئابلۆقە درا و هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگە نەیانتوانی بجووڵێن.
دووەم: هۆزە عەرەبەكان ناپاكیان لە ئێزییدییەكان كرد و هاوەدەستیان لەگەڵ داعش كرد، ئەگەرچی سەدان ساڵ بوو وەك دراوسێ لەگەڵ یەكتر ژیابوون. ئەوان بە ئێزیدییەكانیان ڕاگەیاندبوو كە ناوچەكانیان چۆڵ نەكەن و گەرەنتیمان لە داعش وەرگرتووە كە ئازاری كەس نەدەن. بۆیە داوایان لە ئێزیدییەكان كردبوو كە بگەڕێنەوە. بەشێك لە ئێزیدییەكان لەسەر چیا گەڕانەوە بەڵام لە ڕاستیدا هەمان ئەو هۆزانە لەگەڵ داعشەكان كەوتنە گیانی ئێزیدییەكان و تاوانكاریی گەورەیان ئەنجام دا.
سێیەم: هێزەكانی پێشمەرگە و زێرەڤانی كە لە ناوچەی شنگالدا جێگیر ببوون زیاتر هێزی چاودێریی ڕێگەوبان بوون و هێزێكی گەورەی شەڕكەر نەبوون كە بتوانن لەو جیۆگرافیا یان و بەرینە بەرەی بەرگریی دروست بكەن.
چوارەم: بەهۆی ئابلۆقەی دوازدە ساڵەی بەغدا لەسەر پێشمەرگە، چەكی پێشمەرگە كۆن و لەكاركەوتوو و سووك بوو. لەبەرانبەردا چەكی داعش پێشكەوتوو بوو. داعش پێشكەوتووترین چەكی ئەمەریكایی و ڕووسی بە قەبارەیەكی یەكجار گەورە لەبەردەستدا بوو.
پارسەنگی چەك و جیۆگرافیا و شەڕی دەروونی لە قازانجی داعش بوو و شنگال لاوازترین خاڵی كوردستان بوو و تیرۆریستان توانیان ئەو كارەساتە بخوڵقێنن، ئەگەرچی پێشمەرگە توانی لە چیای شنگال بەرگریی قارەمانانە بكات و سەدانهەزار خەڵك بپارێزێت و بۆ ماوەی چوار مانگیش ڕێگەی نەدا داعش چیای شنگال بگرێت. لە ڕاستیدا كارەساتەكەی شنگال دوای ئەوە ڕوویدا كە ژمارەیەك لە ئێزیدییەكان بەهۆی بەڵێنی هەندێ سەرۆك هۆزی عەرەب لەسەر چیای شنگال هاتنە خوارێ و بۆ كۆمەڵگەكانی باشووری شنگال گەڕانەوە. بەڵام داعش بەڵێنەكانی بنپێ خست و لە كۆجۆ تاوانی زۆر گەورەی لە بەرانبەر ئێزیدییەكان ئەنجام دا.
شنگال وانەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە بۆ پاراستنی هەرچی زیاتری كوردستان و دیتكی ستراتیژییانە بۆ داهاتوو. هەرچی خوێندنەوە و لێكدانەوەی حزبیانە بۆ كارەساتی شنگال هەیە تۆسقاڵێك بەهای زانسیتی و سیاسی و نەتەوەیی نییە و خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانیی گەلی كوردستان ناكات و تەنیا موزایەداتە. وانەكانی مێژوو و جیۆگرافیا و ستراتیژ و هێز كوردستان لە دوژمن دەپارێزێت نەك موزایەدات و ململانێی حزبی.
بۆ ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال لە دەستی داعش هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێنجسەد شەهیدی دا. هەتا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی خۆی ڕێك نەخستەوە و حەوزی زوومار ز ڕەبیعە و چیای شنگالی ئازاد نەكرد هیچ هێزێكی تر ئەو جورئەتەی نەبوو لە شنگال نزیك ببێتەوە. لە 20ی 12ی 2014 پێشمەرگە چیای شنگالی لە ئابڵۆقەی داعش ڕزگار كرد و لە 13ی 11ی 2015ـدا پێشمەرگە شاری شنگالی لە دەستی داعش دەرهێنا. سەرباری ئەوە لەدوای ئازادكردنی شنگال هەندێ لایەن كاریان بۆ ئەوە كرد بەشێكی ئێزیدییەكان ببنە ناو ڕیزەكانی حەشد بۆ ئەوەی دووبەرەكی لەنێوان ئێزیدییەكان دروست ببێ. بوونی پەكەكەش لەوێ هێندەی تر لێكترازانی لە ناو ڕیزی ئێزیدییەكان قووڵتر كرد. پاش ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر لەسەر داوای كەسایەتی و ڕیشسپیانی شنگال هێزی پێشمەرگە لە شنگال پاشەكشەی كرد بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان ئەو ئێزیدیانە ڕوو نەدات كە بەشێكیان پێشمەرگە بوون و بەشێكیان حەشد. بۆیە، ڕێككەوتن كرا كە ئێزیدییەكان خۆیان ئیدارەی ناوچەكانیان بكەن. ئەمە ڕێككەوتنێكی باش بوو بۆ ئەوەی چیتر كارەسات و شەڕ بەسەر ئێزیدییەكاندا نەهێندرێت. بەڵام ئەو ڕێككەوتنەیش جێبەجێ نەكرا و ئێستا شنگال لەدەست شنگالییەكان نییە و لە دەستی خەڵكی ترە. داعش شنگالی كۆمەڵكوژ كرد، بەڵام خەڵكی تر و هێزە هەرێمایەتییەكان هەر بەردەوامن لە ئازاردانی شنگال. برینی شنگال بەوە سارێژ دەبێ هێزە هەلپەرستەكان واز لە شنگال و شنگالییەكان بێنن و شنگال بدەنەوە خەڵكی شنگال.
نزیكەی هەشت ساڵە بەسەر كارەساتی شنگال تێدەپەڕێ بەڵام هێشتا ئازاری شنگال هەر بەردەوامە. هێشتا سەدانهەزار كوردی ئێزیدی دوور لە زێدی بابوباپیرانیان لە كەمپەكاندا دەژیێن و سەرزەمینی خۆشیان لە لایەن چەكدار و میلیشیاكانەوە داگیر كراوە و، شنگال بووەتە خاڵی ستراتیژیی بۆ نەیار و داگیركارانی كوردستان. زۆرجار قسە لەسەر ئاساییبوونەوەی شنگال دەكرێت. لە ڕاستیدا ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال واتە:
یەک: داعش و پەکەکە و حەشد و سوپای قودس واز لە خەڵکی شنگال بێنن و لەو دەڤەرەدا نەمێنن.
دوو: خەڵکی شنگال و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵ و ژیانی خۆیان.
سێ: شنگالییەکان خۆیان بتوانن ئیدارەی ژیان و چارەنووسی خۆیان بکەن.
وێنە: سەرۆک بارزانی
ئۆپەڕاسیۆنی ئازادکردنی شنگال
۱۳ی ۱۱ی ۲٠۱٥