نەوت رادەستکردن واتا کۆتایی نابینە خاوەنی شەرەفی خۆشمان وەک سەردەمی بەعس و خراپتریش


 

نەوت رادەستکردن واتا کۆتایی


شێنه‌ فه‌همی

دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی کە نوێنەری مستەفا بارزانی و شۆڕش بوو لە ئەوروپا، لە ساڵی ١٩٦٩ سەردانی کوردستان دەکاتەوە زۆر دەچێتە ناو پێشمەرگەکانی شۆڕش و دەیاندوێنێ، دیدارەکانی بەم شێوەیە یاداشت کردووە:”لە پێشمەرگەکانم دەپرسی ئەو چەکەتان بۆ کردۆتە شان، دەیانگوت بۆ ئەوەی پاسپۆرتی خۆمان ھەبێ و نەوتی خۆمان، خۆمان بیفرۆشین”. 


ئێستا کە کەسانی بەناو سیاسی و رۆشنبیر و ھەندێک پەرلەمانتار کە بازاڕسازی بۆ ڕادەستکردنی نەوتی کوردستان دەکەن بە عێڕاقی داگیرکەر، ڕاستەوخۆ دەکەوینە بیری بەراوردکردنی ئەو پێشمەرگانەی کە رەنگە بە ھۆی پێشمەرگایەتییەوە خوێندەوارییەکی تەواویان نەبووبێت بەڵام کەرامەت و شەرەف و ھەستی نەتەوەییان ھەبووە، ئەوانەی ئێستاش ڕەنگە تەنھا خوێندەواریەکەیان ھەبێت!.


ئەوەی ئێستا قەوارەی دەستوری کوردستان خاوەنیەتی لە داھات و پەیوەندی و پێگەی دبلۆماسی و سیاسی، لە حساب بۆ کردنی لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، جگە لە مێژووی خەبات و تێکۆشان و ئیرادە و خۆڕاگری، نەوت ئامادەیی و کاریگەری مەزنی ھەیە، کەواتە ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا واتا کۆتایی ھێنان بە ھەموو ئەو فاکتەرانەی کە خزمەتی مانەوە و بەردەوام بوونی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەگەر نا دەبێت چاوەڕوانبکەین لە نەجەف و کەربەلا نائب عەریفێک بێت و لە نۆرەی نان و ھێلکە بە قامچیەک رێکمان بخات، لەوەش خراپتر نابینە خاوەنی شەرەفی خۆشمان وەک سەردەمی بەعس و خراپتریش.


بانگەشەکردن بۆ داگیرکەر و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ حوکمڕانانی بەغداد لەلایەن ھەر کوردێکەوە بووبێت و ببێت، ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە ساختەیەی ناویان لێناوە عێڕاق تا بە ئەمڕۆ دەگات، یەک واتا و ناو و لێکدانەوەی ھەیە، ئەویش جاشایەتیە، جا ئەگەر کەسێک ئەو ناوەی لا پەسەند و شیاو نیە، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ خۆی لێ بەدوور بگرێت، نەبێتە جاش، دەست لەگەڵ دوژمن و داگیرکەر تێکەڵ نەکات.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال