شه‌وی رابردوو بۆ نۆیه‌م شه‌و خۆپێشاندان له شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران درێژه‌یان هه‌بوو و خۆپێشاندان نه‌ك كه‌می نه‌كردووه، به‌ڵكو زۆر گه‌رمتر بووه.
خۆپێشاندان له زۆربه‌ی پارێزگاكانی ئێران تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م درێژه‌ی هه‌بوو، له چه‌ندان شوێن هێزه‌كانی حكوومه‌ت راسته‌وخۆ ته‌قه‌یان له خه‌ڵك كردووه و ژماره‌یه‌ك خۆپێشانده‌ر كوژراون یان بریندار بوون.
حوسێن ئه‌شته‌ری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایشی ئێران، هانی هێزه‌كانی داوه له سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك به‌رده‌وام بن و ته‌نانه‌ت له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا گوتوویه‌تی، ئه‌گه‌ر قاسم سلێمانیش بمایه، داوای له خه‌ڵك ده‌كرد خۆپێشانده‌ران سه‌ركوت بكه‌ن.
له شاره‌كانی سنه، ئیلام، بۆكان، تاران، قه‌زوین، شیراز، ئیسفه‌هان، زاهیدان، یه‌زد، سه‌قز، لاهیجان و ده‌یان شاری تری ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خۆپێشاندان كرا و به‌گوێره‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه‌ی بڵاو كراونه‌ته‌وه، پۆلیس ته‌قه له خه‌ڵك ده‌كات، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك، ده‌سته‌وه‌ستانه و ناچاره شه‌قامه‌كان چۆل بكات و خه‌ڵك به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا زاڵن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ رووناكبوون و هه‌ڵاتنی خۆر، خۆپێشاندانه‌كان كپن و خه‌ڵك پشوو ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بۆ ئێواره‌ی رۆژی دواتر ئاماده بكه‌ن.
ده‌نگی خۆیان خسته پاڵ ده‌نگی خه‌ڵك.
له‌گه‌ڵ درێژه‌كێشانی خۆپێشاندان له شاره‌كانی ئێران، له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش به‌تایبه‌ت له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و به‌رده‌م دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و باڵوێزخانه‌كان، ئێرانییه‌كان گردبوونه‌وه‌ی جیاوازیان رێكخست و له دژی رژێمی ئێران دروشمیان دا و ده‌نگی خۆیان خسته پاڵ ده‌نگی خه‌ڵك.
ژینا "مه‌هسا" ئه‌مینی كه خه‌ڵكی سه‌قز بوو، له 13ی ئه‌یلوول له‌گه‌ڵ براكه‌ی بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزمانی سه‌ردانی تارانی كردبوو، به‌ڵام له نزیك میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب به پاساوی جێبه‌جێنه‌كردنی رێساكانی باڵاپۆشی، ده‌گیرێت و سه‌عاتێك دوای گیران به بێهۆشی ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و دوای سێ رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات. ده‌گوترێ ژینا له كاتی گواستنه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئاداب له رێ له سه‌ری دراوه، بۆیه تووشی ئه‌و دۆخه ناله‌باره بووه.
رۆژی شه‌موو 17ی مانگ به به‌شداریی هه‌زاران كه‌س له دانیشتووانی سه‌قز، ته‌رمی ژینا به‌خاك سپێرا. رۆژی دووشه‌م 19ی مانگ مانگرتنی گشتی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه چوو و له‌و كاته‌وه تا ئه‌م ساته‌ش خۆپێشاندان له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران درێژه‌ی هه‌بووه و به‌تایبه‌ت له دوای ئێواران گه‌رموگوڕتر بوون.