دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیە


دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی لاهوور جەنگی دا و بە “هاوسەرۆک” ناساندوویەتی و دەڵێت، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە کۆنگرەی چواردا پەسندکراوە یەکێتی دوو هاوسەرۆکی هەیە.

بەپێی بڕیاری کۆتایی دادگەی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، کە لە نووسراوێکدا بە ژمارە 191 رۆژی دووشەممە 20ـی شوباتی 2023 ئاراستەی “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”ی کردووە، لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو دەکرێت، بەو پێیەش لاهوور جەنگی “هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە.”

لە نووسراوەکەی دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر هاتووە: “ئاماژە بە نووسراومان ژمارە 104 لە رۆژی 1-2-2023، کە ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق – بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رێکخراوە سیاسییەکان لە بەغدا کراوە و نووسراوی کۆمیسیۆنی سەرەوە بە ژمارە (ش.ح.خ-س-6) لە 7-2-2023 کە ئاراستەی ئەم دادگەیە کراوە لە رێگەی (نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان) لە بەغدا و ئاماژە بە نووسراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – سەرۆکایەتی ژمارە 14 لە 21-2-2023 کە ئاراستەی ئەم دادگەیە کراوە و کۆنووس و پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی حیزبی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارەمین کۆنگرەی خۆیاندا لە رۆژی شەممە لە رۆژی 21-12-2019 پەسندکراوە و دیاریکراوە کە ئەم حیزبە دوو هاوسەرۆکی هەیە، هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و لاهوور جەنگی بورهان بە پەسندکراوی بەدەستمان گەیشتووە، بەپێی یاسا و رێنماییەکان بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم حیزبە دەکرێت و هەر زانیارییەکی دیکە هەبێت لەسەر ئەم بابەتە پێویستە بەنووسراو ئاگادارمان بکەنەوە.”

دەقی نووسراوەکەی دادگەی ئاسایشی هەولێر 
نووسراوەکەی دادگەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن دادوەر ئەریڤان مستەفا محەممەد واژۆی لەسەر کراوە و سەرجەم نووسراوە ئاماژە بۆکراوەکانی نێو نووسراوەکەی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە و وێنەیەکی بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نێردراوە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال