قەهرەمان عوسمان : هەرێمی کوردستان هەڵناوەشێتەوە بەڵکو هەڵدەکشێت


کورد کۆنترین نەتەوەی نیشتەجێی چیاکانی زاگرۆس و میزۆپۆتامیای کۆنە. حورییەکان، سۆمەرییەکان و میدییەکان و گوتییەکان، ئەو نەتەوە کۆنە پێک دێنن، کە نەک تەنها لەو ناوچەیەی دوای سایکس- پیکۆ دابەشی سەرچوار دەوڵەتکرا، نیشتەجێ بووە، بگرە دەوڵەتی کوردی سنوورەکانی گەیشتوونەتە دەریای سپی ناوەراست، و دەریای ڕەش و قەزوین و تەنانەت ئەلوەند ڕوودیش وەک ئەوەی لە نەخشەی خوارەوەدا دیارە.

فارس، عارەب و تورک، چەندین سەدە دوای کورد هاتوونەتە ئەم ناوچەیە، نەک تەنها خاک، بگرە زمان و مێژوو و شوناس و کلتور و دەستکەوتە ژیاری و زانستەکانیشیان لێ دزیوین. لە دوای سەدەی ١٧ و دامەزراندی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژئاوا و هێنانەکایەوەی چەندین تیۆری خەیاڵی بۆ برەودان بە بیری دەوڵەت-نەتەوە، هەوڵدراوە ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت لە مێژوودا بیسڕنەوە و گڕێیبدەنەوە بە تیۆری گەلانی ئارایایی، گەلانی ئیرانی، و هیندۆ ئەوروپی، چونکە بەم ڕێگەیە تێکۆشیوون بیری دامەزراندنی دەوڵەت و سەربەخۆیی لە مێشکی تاکی کوردی دەربێنن، و پێی بڵێن: مادام نەژادمان یەکە تۆ بە سەروەری ئێمە و ژێر دەستی خۆت رازی بە و بیر لە سەروەری خۆت مەکەوە.

نەبوونی دەوڵەت و بوونی دەستی چوار دەوڵەتی داگیرکەر و چاوچنۆکی داگیرکەران لەسەردەمی کۆلۆنیزم و داگیرکاریدا، تۆی ناکۆکی لە نێو کورد چاندووە، لە جیاتی ئەوەی بە دوای شوناسی خۆیاندا بگەڕێن، بەردەوام خەریکی خەنجەر لێک تیژکردن و دژایەتی کردنی یەکتر بوونە. لەم بارودۆخەشدا داگیرکاران سوودمەندی سەرەکیینە، بە هەوەسی خۆیان مێژوو و شوناسی کورد و دەستکەوتەکانیان دەدزن، و چیڕۆکی بێ بنەما و خەیاڵیش دەرخواردی ئێمەی کورد دەدەن و قەناعەتمان پێ دێنن کە شیاوی دەوڵەت و دەوڵەتداری نین؟!

کێشەی ئەوان لەگەڵ کورد کێشەی خاک و شوناس و مێژوو و کێبڕکێی سەرداریەتە لە ناوچەکە. هەرگیز بۆ خۆشگوزەرانی تاکی کورد و پێشکەوتن و تێگەیشتنی تێنەکۆشاون. لێنەگەڕاون کوردێک بە کوردی و بۆ کورد بیر بکاتەوە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدانە کورد بوون قێزەوەن بکەن بۆ ئەوەی بەرنامەی ئینتگراسیۆن زووتر پێنگاو هەڵبگرێت و چیتر نەتەوەیەک لە ناوچەکەدا نەمێنێت و وەک سۆمەرییەکان پێمان بڵێن: نەتەوەی قڕ بوو.

ئێستا نەوەیەکی وشیار پێگەیشتووە، و لەوە تێدەگات حکومەتی عێراق و ئەوانی تریش هیچیان سەریان بۆ نەبەستوون و هەر کاتێک هەرێمی کوردستان نەما، نە زمان و نە کلتور و نەخاکی کوردیش نامێنن، بۆیە هەر وەک چۆن جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی: ئەم ئەزموونە بە خوێنی شەهیدان هاتووەتە دی و بە خوێنی ڕۆڵەی شەهیدانیش دەپارێزرێت، ئەم هەرێمە نەک هەڵناوەشێتەوە بگرە هەڵدەکشێت و ئەم سەختیانەش تێدەپەڕێنێت و تا سەروەرییە مێژوویی، کلتوری و زانستییەکانی بە دەست نەهێنێتەوە ناوەستێت، بۆ ئەم ئامانجەش ڕۆڵەکانی ئامادەن ببن بە سووتەمەنی و گیان و ماڵی خۆیان بەخت بکەن.
 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال