بانكی رافیدەین لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دابەشكردنی وەجبەیەكی نوێی لە پێشینەی خانەنشینانی ڕاگەیاند.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانكەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: وەجبەیەكی نوێی پێشینە بۆ خانەنشینان لە 5 ملیۆنەوە بۆ 25 ملیۆن دینار دەستیپێكردووە، پێشینەكە بۆ خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی تەرخانكراوە لەڕێگەی ئامرازەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنیەوە دەدرێت."
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "خەرجكردنی ئەو پێشینەیە بە ئاگاداركردنەوەی خانەنشینكراوەكە ئەنجام دەدرێت بە ناردنی نامەیەكی كورت كە ئاگاداری دەكاتەوە لە پێدانی پێشینەكە، دوای ئەوەی هەموو ڕێكارەكانی پێدانی پێشینەكەی تەواو كرد و لە ڕێگەی ماستەر كارتەوە خەرج دەكرێت."
بانكی رافیدەین، داواشی لە خانەنشینان كردووە كە بگەڕێنەوە بۆ لقەكانی بانك یان شوێنەكانی ئاڵوگۆڕكردن بۆ وەرگرتنی پێشینەكە.
دووپاتیشی كردووەتەوە: "بانكەكە بەردەوامە لە كاركردن لەسەر پێدانی وەجبەی نوێ لە پێشینەكان بە یەكەوە، بەپێی خشتەی كاتی بۆ داواكاران، لەڕێگەی ئەپڵیكەیشنی ئەلیكترۆنی بانكی رافیدەین."
بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو پێشینەیە تەنها پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، چونكە لە هەرێمی كورستان لقی ئەو بانكانە نییە، بۆیە لەو پێشینەیە و قەرزەكانی تر خەڵكی هەرێمی كوردستان بێبەش کراون.