موسەنا ئەمین : دەبێت بەغدا بودجەمان بۆ دابین بکات

 

مادام عێراق ڕێگەمان پێ نادات سەربەخۆ بین، دەبێ بودجەمان بۆ دابین بكات

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رای دەگەیەنێت، مادام عێراق ڕێگەمان پێ نادات سەربەخۆ بین، دەبێ بودجەمان بۆ دابین بكات، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بڕە نەوتە نەبێت كە رادەستی عێراق دەكرێت. 

موسەننا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، بەهیچ شێوەیەك گۆڕانكارییەكانی لێژنەی داراییان لەبارەی ماددەكانی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بەلاوە پەسەند نییە و لە دژی ئەو بڕیارانەن، پێیانوایە بڕیارەكان ”دژی خەڵكی كوردستان و بۆ كێشەدروستكردنی ناڕاستەوخۆیە بۆ خەڵكی كوردستان.“ 

ڕوونیشی كردەوە كە پێویستە ئەو پشكەی كە لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت، راستەوخۆ و بەبێ هیچ گرێیەك تەرخان بكرێت و ”نەخرێتە سندووقێكەوە كە هەموو جارێ ئیمزای سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی پێویست بێت.“ هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە گۆڕانكارییەكان لە عێراق زۆرن و ئەگەر هەیە لە حاڵەتی دروستبوونی هەر تەنگژەیەكدا، بەپێی ئەو بڕگانەی دانراون، بودجەی هەرێمی كوردستان رابگیرێت. 

موسەننا ئەمین لە دیدارەكەیدا لەگەڵ (كوردستان 24) باسی لەوە كرد كە بەستنەوەی ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی دیاریكراوی نەوت، ”بەوەی ئەگەر ئەوەندە ڕێژە نەوتە نەدرێ بودجە نانێردرێ، وەك ئەوەی ئێمە بەرامبەر بە بڕێك نەوت پارەمان پێ بدرێ نەك لەبەر ئەوەی ئێمە بەشێكین لە عێراق، دیسان ئەگەر لەبەر هەر هۆیەك نەوت نەدرێ، نابێ بودجە نەنێرن.“

جەختیشی كردەوە كە لە عێراقدا ”مادام ڕێگەمان پێ نادەن سەربەخۆ بین، دەبێ بودجەمان بۆ دابین بكەن بە بێ هیچ كێشەیەك. ئێمە نەوت بە عێراق نافرۆشین تا لەسەر ئەو بنەمایە بودجەمان بۆ بنێرن.“

باسیشی لەوە كرد كە ئەوان لەگەڵ بەشێك لەو گۆڕانكارییانەن كە لە پرۆژەیاسای بودجەدا بكرێت، لەوانەش (گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە، هاوتاكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق، دەستپێكردنەوەی دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان، چارەسەركردنی ڕیشەیی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان)، بەڵام ”ئەم خەرجییانە هەمووی بخرێتە سەر حكوومەتی فیدرالی. ئەگەر دەستكاریش لە بودجە بكرێ بۆ ئەم زەمانەتانە ئێمە لەسەری سوورین.“

باسیشی لەوە كرد كە ئەگەر بتواندرێت پارەی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر حكوومەتی فیدرالی، ئەوە ”بێگومان دەستكەوتێكی باشە و دانەوەی پاشەكەوتی مووچە مسۆگەرتر دەبێ.“

ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو ڕەخنەی ئەوەشی لە موزایەدەی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان گرت و گوتی: ”هەندێك هێزە سیاسییەكان تەنیا ئیشی پۆپۆلیستی و بازاڕگەرمكردن دەكەن، ئەوەندەی مەبەستیان ریكلامی سیاسییە، ئەوەندە مەبەستیان خزمەتی هاووڵاتیان نییە.“


أحدث أقدم

نموذج الاتصال