سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی ئاکرێ کۆبووەوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی ئاکرێ کۆبووەوە

ڕۆژی هەینی 18ی ئابی 2023, سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەردانێکدا بۆ قەزای ئاکرێ لە بارەگای لقی 9ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حکومی ناوچەکە پێشوازی گەرمی لێکرا.

دواتر سەرۆک بارزانی هەر لە قەزای ئاکرێ لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا بە بەشداریی چین و توێژی جیاجیا و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی سنورەکە و پەککەوتووانی سەنگەر و تێکۆشەرانی سنورەکە و مامۆستا و کەسایەتی ئایینی و کاسبکار و جوتیار و گەنجان و ئافرەتان کۆبووەوە.

سەرۆک بارزانی لە وتارەکەی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر خزمەتکردنی دەڤەرەکە بە گشتی و  ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بکرێت بەبێ جیاوازی و ڕوونیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێم کاردەکات بۆ خزمەتکردنی گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان.

پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە لە گفتوگۆکانماندا بەردەوامین لەگەڵ بەغدا و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنین بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستوری لە چوارچێوەی دەستور  و بنەماکانی تەوافوق و شەراکەت و هاوسەنگی.

لە کۆتایی دا سەرۆک بارزانی دەرگای گفتوگۆی بۆ ئامادەبووان کردەوە، بە گرنگییەوە گوێی لە داخوازی و پێشنیاری خەڵکی دەڤەرەکە گرت.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال