سێ كۆنگرێسمان داوا لە بایدن دەكەن بەرگری لە کوردستان بکات

سێ كۆنگرێسمان داوا لە بایدن دەكەن كۆتایی بە ”مامەڵەی خراپی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان“ بهێنێت

(حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو باوەڕپێكراوترین حكوومەتەكان لای ئەمریكا)

سێ ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا نامەیەك ئاراستەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەن و داوای لێ دەكەن كە لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، كار بكات بۆ كۆتاییهێنان بە ”مامەڵەی قەبووڵنەكراوی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان.“

لەو نامەیەدا كە هەریەك لە (مایکڵ وۆڵتز، جۆو وێڵسن و مایکڵ مەککۆڵ) كە سێ ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكان و ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆكی وڵاتەكەیان كردووە، ئاماژە بەوە دراوە: ”ئێمە داواتان لێ دەکەین کە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ کۆتاییهێنان بەو مامەڵە قەبووڵنەکراوەی کە لەگەڵ کوردەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت لە لایەن ئەو لایەنانەی کە هاوپەیمانی ئێرانن لە عێراقدا.“

ئەوەشیان ڕوون كردۆتەوە: ”ئێوە باش ئاگادارن کە ئەمریکا ڕۆڵی گێڕاوە لە پشتیوانیکردنی گەلی عێراق ئەو کاتەی کە ئەوان لە ساڵی 2005دا دەستوورێکیان داڕشت کە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی کوردستانی دامەزراند.

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک یەکێک لە باوەڕپێکراوترین هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەتی کردووە، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە خنکێنراوە، لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە فشاری لەسەر دەکرێت، لەوانە لەلایەن فایەق زێیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، هەروەها لەلایەن ئێران و ئەو ئەندامانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە بەغدا هەڕەشەی سەربازییان لێکراوە.

لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا هاتووە: جێی خۆشحاڵییە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی ڕازی بووە بە پێدانی 2.1 ترلیۆن دیناری عێراقی وەک قەرز بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یارمەتیدانیان لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانی دیکە تا مانگی تشرینی دووەم. لەگەڵ ئەوەشدا، و زۆر گرنگتر، داخستنی هێڵی بۆڕییەکانی عێراق-توکیا زۆرینەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بڕیوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە وێڕای ئەوەی نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، سەرەڕای سزاکانی ئەمریكا، هێشتا ئێران دەتوانێت نەوت هەناردە بکات.

ئەو سێ ئەندامەی كۆنگرێسی ئەمریكا لە نامەكەیاندا باسیان لە نامەیەكی پێشووتری ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا كردووە كە لە مانگی ئابی رابردوودا بڵاو بۆتەوە و تێیدا باسی لە گرنگیی هێڵی بۆڕییەکانی عێراق-توکیا کردووە و گوتوویەتی: وەزارەتی دەرەوە لەم بابەتەدا لەسەر هێڵ بووە لە بەغدا و ئەنقەرە و هەولێر. هاوبەشیی ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پەیوەندییە فراوانەکەمانە لەگەڵ عێراق.” بەڵام ئەوەیان نەشاردۆتەوە كە ئەو پەیوەندییانەی وەزیری دەرەوە بلینکن ئاماژەی پێ کردووە، ”ڕۆڵێکی کارای نەبووە لە چارەسەرێکی سەرکەوتوو بۆ کێشەکانی عێراق و کردنەوەی هێڵی بۆڕییەکانی عێراق-تورکیا.“ كە مەبەستیان لێی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە.

ئەو سێ ئەندامەی كۆنگرێسی ئەمریكا پێیانوایە، وڵاتەكەیان بۆ دۆخی عێراق پێویستی بە ستراتیژێكی نوێ هەیە، بۆیە داوایان لە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا كردووە، لە میانی كۆبوونەوەكەی چەند ڕۆژی داهاتووی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا كە ل پەراوێزی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە دەچن، بابەتەكانی پەیوەندیدار بە هەرێمی كوردستان باس بكات و كۆتایی بەو ”مامەڵە قەبووڵنەكراوە بهێنێت. هەروەك هۆشدارییان داوە و دەڵێن: ”ئێمە داوا دەکەین کە ئاگادار بن لەو هەنگاوە نوێیانەی کە ئێوە و وەزیر بلینکن دەیانەوێت بیگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال