ھێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر دوو خاڵی سوپای پاسداران لە سووریا ئه‌نجامدرا


 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند کە دوو خاڵی سوپای پاسداران و ئەو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە کراوەنەتە ئامانج.

کەناڵی "ئەلحوڕە" بڵاوی کردەوە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندووە کە ھێزەکانی ئەمریکا دوو ھێرشی ئاسمانیان بۆسەر سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا ئەنجامداوە.

باسی لەوەیش کردووە کە ھێرشەکان لە وەڵامی ئەو ھێرشانە ئەنجامدراون کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەکرێنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.

ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی ھێرشەکاندا، دامەزراوەیەکی مەشق و ڕاھێنان، ھەروەھا خانوویەکی پارێزەراوی سەربە سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە نزیک شارەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین سەربە پارێزگای دێرازۆر لەسەر سنووری عێراق و سووریا، کراونەتە ئامانج.

ھاوکات کەناڵی "Fox News " لە بەرپرسێكی پێنتاگۆن، بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات بڵاوی کردووەتەوە کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی ژمارەیەک ئامانج لە ڕۆژھەڵاتی سووریا، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە، شەش یان حەوت چەکداری نزیک لە ئێران کوژراون.
لە میانی ئەم مانگەدا، ئەمە دووەم جارە لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە ھێرش بکرێتە سەر ئامانجەکانی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا.

ڕۆژی 9ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند کە دامەزراوەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی سووریا، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.

ئەمەیش لە کاتێکدایە لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، نزیکەی45 ھێرش بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئەنجامدراون.

ئەو ھێرشانەیش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ئەنجامدەدرێن و وەک خۆیان ڕایانگەیاندووە کە ئەنجامدانی ھێرشەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە وەڵامی ئەو ھێرش و بۆردومانانەیە کە سوپای ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال