گەندەڵییەكی گەورە لە وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرا بوو


 دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕای گەیاند، لە نێوان كۆمپانیایەك و وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 15 ملیار دینار پارەی سامانی گشتی گەندەڵی تێدا كراوە و بەرێوەبەرێكی گشتیی و سێ فەرمانبەریش لەو گەندەڵییەدا بەشداریان كردووە.

ئەمڕۆ شەممە 18/11/2023، دەستەی دەستپاکیی عێراقی فیدراڵ بڵاوی کردەوە: "كۆمپانیایەكی پارەدانی ئەلیكترۆنی بۆ خۆدزینەوە لە باج زانیاری ناتەواوی لە حیساباتەكانی لە ساڵی (2010 بۆ 2017) داوە ئەو كارەش بە هاوكاری فەرمانبەرانی دەستەی باجی گشتی لە وەزارەتی دارایی كراوە."

ئاماژە بەوەش كراوە: "ئەو گەندەڵییە زیانی بە سامانی گشتی گەیاندووە، كە وەزارەتی دارایی نوێنەرایەتی دەكات زیانەكەش 15 ملیار و 155 ملیۆن دینار بووە."

دەستەكە راشی گەیاندووە: "دۆسیەیەكی تایبەت لە دژی تۆمەتباری سزادراو بەڕێوەبەری گشتی پێشووی دەستەی باجی گشتیی عێراق تۆماركراوە، چونكە نووسراوێكی بۆ پێنج بانك ناردووە و كاری كۆمپانیاكەی رایی كردووە و ئەو بەرێوەبەرە گشتییە لەگەڵ سێ فەرمانبەری دیكە ئەو كارەیان كردووە."

أحدث أقدم

نموذج الاتصال