میلیشیایەكی عێراقی شارێكی ئیسرائیلی بۆردومان كرد

میلیشیای مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە فەرمی رای گەیاند، شاری (ئیلات)ی ئیسرائیلیان بە ”چەكی گونجاو“ بۆردومان كردووە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێكی میلیشیای (مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) كە ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی 11ی 2023 بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە بۆ سەرخستنی خەڵكی غەززە و وەك وەڵامدانەوەیەك بەرامبەر ئەو كوشتارەی كە ئیسرائیل بەرامبەر بە خەڵكی كەرتی غەززە دەیكات، چەكدارەكانیان ئامانجێكیان لە شاری ئيلاتی ئیسرائیل (كە فەڵەستینییەكان پێی دەڵێن أم الرشراش) بۆردومان كردووە.

هەروەك ئەوەش ڕوون كراوەتەوە كە ئامانجەكە بە ”چەكی گونجاو“ بۆردومان كراوە و جەختیشیان لەوە كردۆتەوە كە لەسەر هێرشەكانیان بەردەوام دەبن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە كۆتایی هەفتەی رابردوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە مەبەستی راگرتنی هێرشی میلیشیاكانی عێراق بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان، سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی كرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ سوودانی دەتوانێ رێگە لەو میلیشیایانە بگرێت؟ مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكیدا لەگەڵ بەشی كوردیی (دەنگی ئەمریكا) رای گەیاندووە كە بابەتەكە دوو لایەنە، لایەنی یەكەمیان یاسایی و دەستوورییە كە سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سیفەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەسەڵاتی رێگەگرتنی لەو میلیشیایانە هەیە، بەڵام لە رووی پراکتیکییەوە ئەو هێزانە لەژێر دەسەڵات و فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا نین و فەرمان لە وڵاتێکی ئیقلیمی وەردەگرن، بۆیە ناتوانێت ڕێگە لەو جۆرە هێرشانە بگرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای دەست پێكردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023وە تاوەكوو ئێستا، بەردەوام چاودێران و شارەزایانی سیاسی هۆشداری لەوە دەدەن كە دەبێ هەرچی لە توانادایە بكرێت، بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاییەكان شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس نەهێننە نزیك یان ناو سنوورەكانی عێراق و لەپێناو كەمكردنەوەی فشار لەسەر حەماس، دۆخی شەڕ لە عێراقیش دروست نەكەن.

No description available.

 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال