ڕۆژنامەیەكی عەرەبی ئاشكرای دەكات، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق ناوبژیوانی لەنێوان لایەنەكان دەكات بۆ ئەوەی كێشەی محەمەد حەلبووسی چارەسەر بكرێت. شرۆڤەكارێكیش جەخت دەكاتەوە كە زۆر لایەن دان بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا نانێن لە دژی حەلبووسی.
كۆتایی هەفتەی رابردوودا، ئەلینا رۆمانسكی، خانمە باڵوێزی ئەمریكا لە بەغدا، رای گەیاند، چاوی بە فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق كەوتووە و گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتەكانی ئەم دواییە و دۆخی ئەمنیی عێراق كردووە. جگە لەوەی جەختیان لە گرنگیی بوونی دادگایەكی سەربەخۆ كردۆتەوە كە بەدوای ڕێوشوێنە یاساییەكاندا بڕوات و بڕیارەكانی پشت بە دەستووری عێراق ببەستێت.
دواتریش لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X) بڵاوی كردەوە، لەگەڵ محەمەد حەلبووسی كۆبۆتەوە و بە ”سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران“ ناوی برد.
لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی (العربي الجديد) لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، ئەلینا رۆمانسكی، باڵوێزی ئەمریكا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو قەیرانە بكات كە دادگای فیدراڵی لە عێراق دروستی كردووە بە دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پەرلەمان، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەك دیداری سیاسی ئەنجام داوە.
لەمبارەیەوە ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەكەی راگەیاندووە كە باڵوێزی ئەمریكا پێشنیازێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە خستۆتە ڕوو، هاوكات دوورخستنەوەی حەلبووسی بە بڕیارێكی بەپەلە وەسف كردووە و جەختی كردۆتەوە كە ئەو بڕیارە پشت بە دەستوور نابەستێت.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە، باڵوێزی ئەمریكا ڕۆڵی ناوبژیوان لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەگێڕێت تاوەكوو ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، چونكە ”لایەنی ئەمریكی كێشەكە بە مەترسیدار لەسەر دۆخی عێراق دەزانن.“
هەمان ڕۆژنامە، تویتێكی موجاهید تائی، توێژەری سیاسیی عێراقی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X) بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا هاوپێچ لەگەڵ بڵاوكردنەوەی تویتەكەی خانمە باڵوێزی ئەمریكا لە بەغدا، نووسیویەتی: ”پێدەچێ زۆر لایەن هەبن كە دان بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە حەلبووسیدا نانێن. پاراستنی هاوكێشەی سیاسیی ئێستای عێراق زۆر قورسترە لە پاراستنی بڕیارەكەی دادگا.“
هەر لەمبارەیەوە، پەرلەمانتارێكی دژبەری محەمەد حەلبووسی بە ناوی باسم خەشان، تویتێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X) كردووە و دانی بەوەدا ناوە كە باڵوێزی ئەمریكا دەیەوێ محەمەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا بمێنێتەوە و رەخنەی ئەوەشی لێ گرتووە كە گوایە دەیەوێ كەسێكی ساختەكار لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا بمێنێت، ئەمەش وەك ئاماژەدانێك بۆ ئەو تۆمەتەی كە دادگای فیدراڵی بەهۆیەوە سزای محەمەد حەلبووسی داوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد: ”بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت، لەم دۆخەدا بەرپرسیاریەتىی سەرشانى سەرجەم هێز و لایەنە عێڕاقییەکان بە گشتى و لایەنە پێکهێنەرەکانى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەتە بەتایبەتى، وردتر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن بە تایبەتى ڕووداوى دوا بڕیارى دادگاى فیدراڵىی عێڕاق لەبارەى لادانى سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان کە ئاڵۆزییەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان ئەوە بوون كە ئەو ئاڵۆزى و کێشانەى هەن، چارەسەر بکرێن، نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکە بکرێت بە جۆرێک کە ئاشتىی کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە.“
جەختیشی كردەوە: ”پارتیمان، بە پەرۆشەوە لە ڕەوشەکە دەڕوانێت و نیگەرانى دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانین، بۆیە بە پێویستى دەزانین دۆخى عێراق لە ڕووى سیاسى، ئەمنى، ئابوورى و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانى ناوچەکەوە لەبەرچاو بگیرێت و بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت بۆ ڕێکخستنەوەى بارودۆخەکە لە ڕوانگەى دەستوورى هەمیشەیی و جێبەجێکردنى ماددە و بڕگەکان و پرەنسیپەکانى ڕێککەوتنى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت و کارنامەى حکوومەتى فیدراڵى، بە تایبەتى بڕگەکانى پەیوەست بە ئەنجوومەنى فیدراڵى و دادگاى فیدراڵى. هەروەها بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانى بونیاتنانى عێڕاقێکى نوێ (شەراکەت، تەوافق، تەوازن) و سەروەرىی دەستوور بچەسپێنرێت کە تاکە زامنى پێکەوەژیان و سەقامگیرى و پێکەوەیى عێراقە.“