گۆڤاری پۆڵیتیکۆ-ی ئەمریکی لەزاری بەرپرسانی وڵاتەکەی لەنێو وەزارەتی دەرەوە زانیاریی ئەوەی بڵاوکردوەتەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە نهێنی و تایبەت بە ئەمریکییەکانی وتووە، دەیەوێت دانوستان بکات بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
چەند ڕاوێژکارێکی سودانی کە قسەیان بۆ گۆڤارەکە کردووە دەڵێن، "ئەو خواستەی سودانی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ڕازیکردنی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی نەیاری ئەمریکایە، ئەگەر نا سودانی مەبەستیەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە".
لە ڕاپۆرتەکەی پۆڵیتیکۆ باس لەوەکراوە، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ ئیدارەی بایدن گرنگییەکی زۆری هەیە، نەک بە تەنها بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بەڵکو مانەوەی ئەمریکا لە عێراق ڕێگریی دەکات لە زیادبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق.
هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا بۆ گۆڤارەکە باسیان لەوەکردووە، ئامادەن لەگەڵ عێراق گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لەعێراق بکەن.