شێخ جەعفەر : دزە گەورەکەی ناو یەکێتی


شێخ جەعفەر مستەفا، سەركردەی سەربازیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەزاران پارچە زەویی لە سنووری سلێمانی دەست بەسەردا دەگرێت و بە نایاسایی دەیانفرۆشێتەوە و پارەكەشی بۆ خۆی و ئیدارەی گشتیی یەكێتی دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكەوە دەست کەوتونە، لە ماوەی رابردوودا نزیكەی 10 هەزار پارچە زەوی بە نایاسایی و بە فەرمانی شێخ جەعفەر، بە هاوكاریی (بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ) دابەش كراون و فرۆشراون كە ئەو زەوییانە تاپۆ و بەڵگەی فەرمییان نییە و چەند دەستێكی كردووە و كێشەی گەورەی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.

وەك سەرچاوەكە روونی دەكاتەوە: ئەو زەوییانە دەكەونە (1- پشت گۆڕستانی عەواڵ. 2- زەوییەكانی بەرامبەر وێستگەی كارەبا كە زیاتر لە پەنجا دۆنمە. 3- زەوییەكانی بەرامبەر دەرگای پیشەسازیی بەكرەجۆ لە تەنیشت فڕۆكەخانەی سلێمانی. 5- زەوییەكانی گەڕەكەكانی بیستەكان و تەنیشت دەواجنەكان. 6- زەوییەكانی كانی گۆمە تاكوو تانجەڕۆ. 7- زەوییەكانی خوار ناحیەی بەكرەجۆ كە بە زەوییە كشتوكاڵییەكان ناسراون. 8- زەوییەكانی گوندی خەلیفاوە).

سەرچاوەكە ئەوەشی دركاند كە لە ماوەی رابردوودا لێژنەیەكی سەر بە هێزەكانی حەفتا بە فەرمانی شێخ جەعفەر هەفتانە لەناو بارەگای فەرماندەیی گشتی و بارەگای لیوای 102ی پێشمەرگە دانیشتنیان هەبووە، واژۆیان لەسەر فۆڕمی زەوییەكان دەكرد كە لە ساڵی 2018وە تاوەكوو ئێستا نزیكەی حەفت هەزار پارچە زەوی بەسەر (پێشمەرگە، كادیر و ئەندامانی یەكێتی) دابەش كردووە.

هاوكات باسی لەوە كرد كە لە مانگی پێنجی 2022 لێپرسراوی مەڵبەندی 20ی قەرەچووغی یەكێتی سەردانی شێخ جەعفەری كردووە لە سلێمانی، بە مەبەستی داواكردنی ژمارەیەك پارچەزەوی بۆ مەڵبەندەكەیان. شێخ جەعفەر 76 پارچە زەویی بۆ مەڵبەندی ئاماژەپێكراو دابین كردووە لە كاتێكدا زەوییەكان تاپۆ نین.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، زەوییەكانی بەكرەجۆ كە كشتوكاڵیین و كوژاندنەوەیان بۆ نەكراوە، هێزەكانی حەفتای یەكێتی ئەو كاتەی شێخ جەعفەر بەرپرسیان بوو، ئەم زەوییانەیان بە موڵكی خۆیان دەزانی، بۆیە نەخشەیان بۆ داناوە و ئیفراز و دابەشیان كردووە. هەروەها 39 پارچە زەویی تریش لە (باوەمەردە) كە لە ماستەرپلان شوێنەكەی خزمەتگوزارییە، بە شێوەیەكی نایاسایی دابەش كراون.

هەروەك باسیشی لەوە كرد كە 36 پارچە زەویی دیكە، بە واژۆی شێخ جەعفەر وەرگیراون و دراون بە (پێشمەرگە، پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن، پۆلیسی نەفت و گاز و پاسەوانی سنوور). ئەمە جگە لەوەی كە دابەشكردنی پارچە زەوییەكان لەسەر بنەمای ناسین و واستەكاری بووە كە ئەو پارچە زەوییانە دەكەونە گوندی 17ی سۆتكە لەپشت بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بۆ ئەوەی ئەو كارە بازرگانی و نایاساییانە ئاشكرا نەبن، شێخ جەعفەر سەرەتا ژمارەیەك پارچە زەوی دەداتە كەسوكاری شەهیدانی داعش و ئەنفال و پێشمەرگەكان، ئەوانی تر بۆ (ئیدارەی گشتیی یەكێتی و خۆی) دەهێڵێتەوە بە شێوەیەك كە ئەو زەوییانە موڵكی حكوومەتن و لە لایەن خەڵكی گوندەكانەوە خاوەندارێتیی دەكرێن و لەگەڵیان ڕێك دەكەون. بۆ نموونە ئەگەر ڕووبەری زەوییەكە چەند دۆنمێك بێت، ڕێژەی 10%ی بۆ كەسەكە و ئەوی تر بۆ بن دەست شێخ جەعفەر و ئیدارەی گشتیی یەكێتی دەبێت. ئەگەر تاپۆ نەبێت و موڵكی حكوومەتی نەبێت ئەوكات مامەڵەكانیان لەناو دائیرەكانی سنوورەكە بۆ ئەنجام دەدەن و 25% بۆ كەسەكە و ئەوی تر بۆ خۆیان دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر دەیان جار عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد، پەرلەمانتارانی پێشوو، عومەر تۆفیقی پارێزەری کەیسی زانای قایمقام و ژمارەیەکی دیکە لە چالاکوانان لە سلێمانی، باسیان لەو هەزاران پارچە زەوییە کردووە کە لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە سلێمانی داگیر کراون و بە نایاساییش بە خەڵک فرۆشراونەتەوە، تا ئێستاش ئەم هەموو گەندەڵییانە لای (میدیای ئەهلی و سەربەخۆ و بێلایەنی سلێمانی!) و چالاكوانان و كەمپینچییانی ئەو دەڤەرە، جێگەی بایەخپێدان و باسكردن نیین.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال