ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بنێرێت و جیاکاری نەکات لە نێوان مووچەخۆراندا
*ئەنجومەنی وەزیران: پڕۆژەی ( هەژماری من) پرۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکیی و پەسەندکراوی بانکی ناوەندیی عێراقە ودەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی وئابووری و حیسابی بانکیان لە )هەژماری من (ەوە مووچە وەربگرن
ئەمڕۆ چوارشەممە 3/13، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و گەنجینە و کۆنگرێس لە
ڕۆژانی 2/26 تا 2024/3/5.
سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی دوولایەنە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکانی کوردستان و پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی کرا.
پاشان شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکە زۆر سەرکەوتوو بوو و لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاوە گرنگییەکی زۆر بە شاندەکە درا و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کرایەوە .
بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی یەکەمین ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی (ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ) کە پێشتر لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرابوو لە پێناوی هێنانەکایەی چەند ئامانجێکی دیاریکراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە، لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکی دیاریکراو، پوختەی ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکییەوە خرایەڕوو. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری دامەزراوە فەرمییەکانی لەخۆ گرتبوو لە چوارچێوەی ستراتیژەکە، لە ناویشیاندا بواری هۆشیارکردنەوەی دژە گەندەڵیی و پەرەپێدان بە چاودێری ناوخۆیی و هەموارکردنەوەی چەند یاسا وڕێنماییەک و برەودان بە توانای فەرمانبەران وڕاهێنانیان و هەروەها هێنانەکایەی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکە، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لە هەمانکاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی خرانەڕوو.
پاشان لەلایەن ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی و ئابووری ، هەنگاو و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی لە بەر ڕۆشنایی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان خرایەڕوو.
وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار.
بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.
وەزیری دارایی وئابووری ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)، لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی (توطين ) لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق.