بڕیارە ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر پەكەكە لە مانگی رەمەزان دەست پێبكات و هەروەكوو وەزیری بەرگریی توركیا ئاماژەی پێداوە، دەیانەوێ لە تەواوی خاكی عێراق كۆتایی بە پەكەكە بهێنن.
دوێنێ دووشەممە، 11ی ئازاری 2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بڕیاری داوە پێش هاوین، کۆتایی بە بوونی چەكدارانی پەكەكە لە عێراق بهێنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نیازی تورکیا بۆ: ”دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە زەبەلاحەكەی لە عێراق، لە ماوەی مانگی رەمەزاندا، بەپێی ئەو شیكارە رۆژنامەوانییەی ڕۆژنامەی (دەیلی سەباح)ی تورکی بۆی كردووە.“
وەزیری بەرگریی تورکیا، دوای کۆبوونەوەكەی دوێنێ دووشەممە، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەرکردەی ئەمنی و سەربازییەكانی توركیا، لەنێویاندا وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بە ”ئەگەری“ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "گەورە" لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و لە تەواوی خاكی عێراق كردووە، بەو پێیەش بێت، ئۆپەراسیۆنەكە سنووری (شنگال و سلێمانی)یش دەگرێتەوە.
وەزیری تورکیا ئاماژەی بەوەش داوە، کە وڵاتەکەی ”بڕیاری کۆتاییهێنانی“ بە بوونی پەكەكە لە عێراق بۆ یەکجارەکی داوە، بەڵام ڕەتی كردووەتەوە وردەکارییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاشکرا بکات.