ڕێککەوتن لەسەر مووچەی مانگی پێنجی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کراوە و هەفتەی داهاتوو خەرج دەکرێت، لە ڕۆژانی داهاتووشدا وردبینیکردن بۆ مووچەی مانگی شەش تەواو دەکرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی شەشی زۆربەی مووچەخۆرانی مەدەنی ناردووە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی خەرج نەکردووە.
سێ ڕۆژە شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستانە، شەوی ڕابردووش لیژنەیەکی دیکە بۆ هەمان مەبەست سەردانی هەولێری کرد. دوێنێ سێشەممە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، لەم دوو ڕۆژەدا کێشەکە چارەسەر دەبێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ڕێککەوتن لەسەر مووچەی مانگی پێنج کراوە، هیچ کێشەیەکی نەماوە و هەفتەی داهاتوو لەلایەن بەغدا خەرج دەکرێت و ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
لەم دوو ڕۆژەدا وردبینی بۆ لیستی مووچەی مانگی شەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو دەکرێت، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتی: دەکرێت هەردوو مووچەکە بەیەکەوە بنێردرێن، بەڵام دڵنیا نین.