ڕۆژنامەی ئەلعەرەب : بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا پەراوێز خراوە

رۆژنامەی (ئەلعەرەب): یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا پەراوێز خراون

لە راپۆرتێكیدا، رۆژنامەی (ئەلعەرەب) باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەنقەرە دەكات و ئاماژە بە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی دەكا بۆ بەغدا، كە بەشێوەیەك بووە، هەموو لایەنەكان هەوڵی نزیكبوونەوەیان داوە. هاوكات باسی لەوەش كردووە، یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا هەست بە پەراوێزخستن دەكەن.

رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، لەو كاتەی سەرۆك بارزانی لە بەغدا بووە، بافڵ تاڵەبانی چووەتە بەغدا، بەڵام پەراوێزخستنەكەی بە شێوەیەك بووە، نەیتوانیوە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئیدارەی دەوڵەتدا بكات، لە كاتێكدا یەكێتی بەشدارە لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، لە چوارچێوەی ئەو حزبانەی لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتدا بەشدارن.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە داوە، پارتی دیموكراتی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە کار بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەكی سیاسی دروست دەکات، ئەوەش لە ڕێگەی نزیکبوونەوە لەگەڵ دیارترین پارت و هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق لەلایەك، ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران لەلایەكی دیكەوە، ئەوەش نیگەرانیی بۆ یەکێتی دروست كردووە و پێیوایە، ئەو پەیوەندییانەی پارتی پێگەی ئەوانی دابەزاندووە و بە پێچەوانەی بەرژوەندییەكانیانە.

رۆژنامەكە دەڵێت: ”یەكێتی بەتەواوی هەست بە پەراوێزخستنی خۆی دەكات، هاوكات توركیاش بەردەوامە لە پشتكردن لە یەكێتی بەو تۆمەتەی كە لە سلێمانی باوەشی بۆ چەكدارانی پەكەكە كردووەتەوە و ئاسانكارییان بۆ دەكات. هەروەها گۆڕانی هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە پەكەكە، كە چەند مانگێک لەمەوبەر حکوومەتی عێراق وەڵامی داواکاریی تورکیای داوەتەوە و پەكەكەی وەکوو ”ڕێکخراوێکی تیرۆریستی“ پۆلێن كردووە.

رۆژنامەكە باسی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا كردووە و بە وەرچەرخانێکی نوێ، بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و زۆرینەی هێز و لایەنە عەرەبە شیعییەکانی عێراقی لێك داوەتەوە.

رۆژنامەكە باسی لەوە كردوە لەكاتێكدا كە سەرۆك بارزانی لە بەغدا بووە بۆ دیدار و كۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ و سەركردەی هێزە سیاسییەكان، كە سەردانێكی زۆر گەرموگوڕ و ناوازە بووە، لە هەمان كاتدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بەسەردانێك لە بەغدا بووە كە تیشكی نەخراوەتە سەر و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر كەم و سنوورداری سەركردەی هێزە عەرەبە شیعەكان هەبووە، دیارترینیان لەگەڵ قەیس خەزعەلی، سەرۆكی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق بووە.

سەرچاوە عێراقییەکان باسیشیان لە دوورخستنەوەی بافڵ تاڵەبانی لە کارنامەی كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا كردووە، هەرچەندە یەكێتی بەشێکە لەو هاوپەیمانییە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال