لیستی نوێی مووچە بێ کەموکوڕی ئامادەکراوە و دووشەممە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت، کۆتایی هەفتە مووچەیەک خەرج دەکرێت و لە هەرێمی کوردستانیش ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
دوای كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕێككەوتنی نێوانیان، بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە و باسكردنی وردەكارییەكان، بەرپرسانی هەولێر و بەغدا لە كۆبوونەوە بەردەوامن.
شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕۆژی دووشەممە 23-9-2024 بە جانتایەکی پڕ لە کەیسی ئابووری سەردانی بەغدا دەكات، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و وەزارەتی دارایی كۆدەبێتەوە و پرسی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ یەكلایی دەكاتەوە.
عێراق مۆڵەتی دوو هەفتەی بە هەرێمی كوردستان دابوو لیستی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ بێ هیچ كەموكوڕییەك ئامادە بکات، ئاڤا نیوز پێشتر ئاشکرای کردبوو لە سێشەممەی ڕابردووەوە لیستەکە بە سیستمی دارایی و ژمێریاری کارپێکراوی حکومەتی عێراق ئامادەکراوە، بێ کەموکوڕی و بیانووبڕە.
هەرێمی كوردستان سەرجەم تێبینییەكانی وەزارەتی دارایی عێراقی بەهەندوەرگرتوون و چارەسەری كردوون، هەفتەی داهاتوو دوایین ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات و لیستەكە بە وردبینیكراوی ڕادەستی بەغدا دەكات.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند : ئەگەر شاندی هەرێمی كوردستان هەفتەی داهاتوو لیستەکە بێ کەموکوڕی ڕادەستی بەغدا بکات، هیچ گرفتێك لەبەردەم دابەشكردنی مووچە نامێنێت، بە هەموو پێوەرێكیش دەبێت لیستی مانگەکانی 8 و 9 بەیەكەوە ڕادەست بكرێن.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێشتر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و لیژنەی دارایی، بەڕوونی گوتبووی: كەی هەرێمی كوردستان لیستەكانی نارد، ڕاستەوخۆ مووچە دەدەین. د.ئومێد سەباح بە ئاڤا نیوزی گوتبوو، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ بەغدا دوو ڕۆژ دواتر مووچەیەک دەنێردرێت، دوو هەفتە دواتریش مووچەیەکی دیکە دەنێردرێت.
لەگەڵ خەرجکردنی مووچە لەلایەن بەغدا، ڕاستەوخۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیێنێ، بەهۆی ئەوەی دواکەتووە، ئەم مووچەیە هاوشێوەی پێشوو دەدرێت و مووچەی مانگەکانی دواتر لەگەڵ عێراق هاوکات دەکرێت.