لەمەودوا کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکدەخرێت، واتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە مووچە وەردەگرن.
لە عێراق لە 21ی هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و بەپێی خشتەی وەزارەتەکان تاوەکو سەری مانگ مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دەدرێت، دەگمەن نەبێت ناکەوێتە مانگی دواتر. لە هەرێمی کوردستانیش لەمەودوا بەمشێوەیە دەبێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق ڕاگەیاند، مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کاتی دابەشکردنی مووچە لە عێراق دابەش دەکرێت. واتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە مووچەی مانگی نۆ وەردەگرن.
سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی عێراق پشتڕاستی کردەوە، مووچەی مانگەکانی نۆ، 10، 11 و 12 بەبێ کێشە خەرج دەکرێت، بەڵام دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆد بۆ هەموو مووچەخۆرانی کوردستان دابنێت.
لیستی نوێی مووچە ئامادەکراوە و یەکشەممەی داهاتوو 22-09-2024، شاندێکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی بەغدا دەکات و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن. لە کۆبوونەوەکاندا وێڕای مووچە، پرسی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تاوتوێ دەکەن.
ئێستا حکومەتی عێراق مووچەیەک قەرزاری هەرێمی کوردستانە و هەندێک گرفت ڕێگرن لە ناردنی، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان شاندەکانی هەولێر و بەغدا تاوتوێکردنی ئەم مووچەیە دەبێت.
بەغدا پێشتر لە شوێنی مووچەی مانگی حەوت مووچەی مانگی هەشتی نارد، واتە مووچەی مانگی حەوت نەنێردراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتی پێ دابەشکرا، واتە ئەو مووچەیەی بڕیارە هەفتەی داهاتوو بنێردرێت لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی هەشتی پێ دابەش دەکرێت.
پێشتر د. ئومێد سەباح ڕایگەیاند دوای ئەوەی دەچنە بەغدا بڕیارە لەماوەی دوو ڕۆژدا مووچەیەک بنێردرێت، مووچەیەکی دیکەش دوو هەفتە دواتر، واتە لەماوەی 14 ڕۆژدا دوو مووچە دەدرێن.