چاوپێکەوتنی مەسرور بارزانی لەگەڵ کەناڵی (العربية)

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21ی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە و ئەلحەدەسی عەرەبیدا باسی لە چەند پرسێکی هەنووکەیی کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.

پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

• ڕێککەوتننامەی شنگالمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق ئیمزا کرد، بەڵام جێبەجێ نەکراوە و مانەوەی پەکەکەش بووەتە ڕێگر لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

• پەکەکە لەو ناوچانە بڵاو دەبنەوە، کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو ئەجێندایەوە نییە بانگەشەی بۆ دەکەن، هەر بۆیە بوونی پەکەکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا نییە.

• سه‌ردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران ڕووداوێکی گرنگ بوو و هیوادارم ببێته سەرەتایەکی باش بۆ پەرەپێدان و پەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان.

• لەو هێرشە مووشەکییانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان هەڵوێستمان ڕوون بوون، کە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەرێم نییە.

• هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان نادادپەروەرانە بوو، تۆمەتەکانیش ناڕەوان، داواشمان لە ئێران کردووە ئەو تۆمەتانە بە بەڵگە بسەلمێنێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەو تۆمەتانە پێشکەش نەکردووە.

• بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسیی پێکهاتەکان هیچ پەیوەندییەکی بە دەستوورەوە نییە، بەڵام کەسانێک هەن پێیان وایە حوکمڕانی دەبێت مەرکەزی بێت و بڕوایان بە فیدراڵیزم نییە.

• هەرچەندە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری بە ئابووری و داهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا زۆر لەوە گەورەترە تەنیا لە مووچە و نەوت کورت بکرێتەوە.

• ئەگەر نیازی چارەسەر لە لایەن بەغدا هەبێت، ئەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە و چارەسەرەکەش ئاسانە، چونکە هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دیاری بکات.

• هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و دابەش نابێت و یەک هەرێمە، هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت تاکڕەوانە ئەم بڕیارە بدات، ئێمە هەڵبژاردنمان لەپێشە، خەڵکی کوردستان بڕیار دەدات کە کێ هەڵدەبژێرێت و کێ هەڵنابژێرێت.

• ئایا خەڵک ئەو لایەنە هەڵدەبژیرێت کە کار لەسەر دابەشکاری و هەڵوەشانەوە دەکات، یان ئەو لایەنە کە کار لەسەر ئاوەدانکردنەوە و پێشخستن دەکات.

• مەترسیی تیرۆریزم لەسەر عێراق کۆتایی نەهاتووە، بەتایبەت داعش، داعش هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، چونکە پێشتر رێکخراوی قاعیدە لەو ناوچانە بووە و بەر لەهاتنی داعشیش گرووپی ئەنساری سوننە، هەریەکێک لەو گرووپانە کەبووەتە شوێنگرەوەی ئەوەی دیکە شەڕانگێزتر و مەترسیدارتر بووە.

• حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی عێراق، هیوادارم حکومەت ڕێکاری دروست بەرامبەر هەموو گرووپە لەیاسادەرچووەکان بگرێتە بەر، بەوپێیەی کاریگەری خراپیان لەسەر ئاسایشی تەواوی عێراق دەبێت و بەرپرسیاریەتیی حکومەتی عێراقە کۆنتڕۆڵی ئەم گرووپانە بکات.

• پێشمەرگە هێزێکی دانپێنراوە لە دەستوور و  کەسیش ناتوانێت ڕۆڵی پێشمەرگە لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پەراوێز بخات، هەر چەکێک کە پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت، واتای ئەوە دەگەیەنێت کە پشتیوانیی لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی عێراق دەکرێت، ئەوەی پێچەوانەوەی ئەم تێڕوانینە بیر دەکاتەوە، خاوەنی عەقڵیەتێکی شۆڤێنییە کە پێم وانییە لە خزمەتی خەڵک و گەلی عێراقدا بێت.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال