مووچەی بەشێکی دیکەی خانەنشینانی مەدەنی و پلەدارانی سەربازی لەگەڵ عێراق هاوتا دەکرێت، ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە ساڵانی 2003 تاوەکو 2013 خانەنشین کراون.
دوو مانگە بەشێکی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەیان لەگەڵ عێراق هاوتا کراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و ئەو خانەنشینانەی پێش ساڵی 2014 خانەشین بوون، خرانە قۆناغی دووەم.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان ڕایگەیاند: "بەگوێرەی ڕێنماییەکی نوێ قۆناغی دووەمی هاوتاکردن دەستپێدەکات، ئەو کەسانە دەگرێتەوە لەدوای ساڵی 2003 تاوەکو 31-12-2013 خانەنشین بوون."
ئەو کەسانەی پێش 2014 خانەنشین بوون، زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆرن و تاوەکو مووچەی مانگی 11 مووچەی سەرجەمیان هاوتا دەکرێت.
خانەنشینانی مەدەنی ژمارەیان 149 هەزار و 687 کەسە، ئەوانەی پێش 2014 خانەنشینکراون لە قۆناغی یەکەمدا 100 هەزار دینار خرایە سەر مووچەیان، دوای هاوتاکردن مووچەکانیان زیاتر دەبێت.