لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی تایبەت بە كاروباری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت، دوا ئاگاداری بڵاو كرایەوە كە پێویستە تا 20ـی تشرینی دووەم، UPNیان هەبێت و لە بایۆمەتری تۆمار بكرێن، بە پێچەوانەوە مووچەكانیان دەبڕێت.
ئەمڕۆ شەموو دووی تشرینی دووەم، رێكان سەدرەدین نوێنەری كۆمەڵەی كەسوكاری شەهیدان، بە "وشە"ـی راگەیاند، تەنیا 18 ڕۆژ لە بەردەم كەسوكاری شەهیدان ماوە بۆ ئەوەی بایۆمەتری بكەن و كۆدی UPNیان هەبێت.
زیاتر گوتی، بەپێی دواین بڕیاری لە 20ـی تشرینی دووەم، واتای ئەو مانگە دوا وادەی تۆماركردنی كۆدی بایۆمەترییە، چونكە هەموو ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستیی تایبەت و وارسی شەهیدانەی تا ئێستە (UPN)ـیان نییە و خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەكردووە، پێویستە تا 20ی 11ی 2024 خۆیان تۆمار بكەن.
باسی لەوەش كرد، بڕیاری خۆتۆماركردن لە سیستمی بایۆمەتری، هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەگرێتەوە كە بە هۆكاری جیاواز لە دەرەوەی وڵاتن یان مۆڵەتی بێ مووچە و خوێندن و هتدیان هەیە
ئاشكرای كرد، هەركەسێك مووچەخۆری حكوومەتی هەرێم بێت و تا 20ی 11ی 2024 كۆدی بایۆمەتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵەوە مووچەكەی ڕادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.