نێچیرڤان بارزانی پرسی موچە دەباتە بەغدا

هەفتەی داهاتوو دوو کۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان دەکرێن، کۆبوونەوەی یەکەم لە هەولێر و کۆبوونەوەی دووەم لە بەغدا دەبێت. هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا و پەیامی کوردستان دەبات بۆ کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت.

ڕۆژی شەممە 11ی ئەم مانگە لە هەولێر دەبێت، وەزیرانی کورد لە حکومەتی عێراق و سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بانگێهشت دەکرێن و لە ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

٠ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەخرێتەڕوو، بۆ ئەوەی هەمووان بەرچاوڕوونی تەواویان هەبێت. هاوکات دووپاتکردنەوەی ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند بووە و هەموو مەرج و داواکارییەکانی حکومەتی عێراقی جێبەجێ کردوون.

٠هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەرچاوڕوونییان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو پێدەدرێت، کە ئەگەر بەغدا بەپێی دەستوور مافەکانی خەڵکی کوردستان نەدات و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە پابەند نەبێت بۆ ناردنی شایستە داراییەکان، ئەوا هەڵوێستی تووند وەردەگرن، کشانەوەش لە بەغدا و تێکدانی پرۆسەی سیاسی عێراق  بژاردەیەکی بەهێز دەبێت.

کۆبوونەوەی دووەم: لە بەغدا دەبێت و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 12ی ئەم مانگە بکرێت، واتە یەک ڕۆژ دوای کۆبوونەوەکەی هەولێر، ئەگەر کاتەکەی نەگۆڕدرێت.

٠ هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت (هەموو ئەو حیزب و لایەنانەی کە حکومەتی عێراقیان پێکهێناوە) لە بەغدا کۆدەبێتەوە و سوودانیش بەشدار دەبێت. شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات و بە ڕوون و ڕاشکاوی پەیامی هەرێمی کوردستانیان پێدەڵێت.

٠ پەیامەکە ئەمەیە؛ ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون و قبوڵ ناکەن ساڵی 2025 بەمشێوەیە بێت، وەکو ساڵی 2024 کێشەکان دووبارە ببننەوە، دەبێت بەڕوونی بیڵێن کەی دەتوانن چارەسەری بکەن؟

أحدث أقدم

نموذج الاتصال