نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەڵێت "دوای داماڵینی چەک لەحزبوڵای لوبنان، نۆرەی هێزەکانی حەشدی شەعبیو گروپەکانی دیکەی مقاوەمەیە".
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری خامنەئی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نوری مالیکی، بەبۆنەی نەخۆشکەوتنییەوە، هیوای تەندروستیەکی باش و زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست، هەروەها ڕۆڵی کاریگەرانەی لەپشتیوانیکردنی بەرەی مقاوەمە بەرز نرخاند.
لەم پەیوەندییەدا، ویلایەتی جەختی لەپشتیوانی ئێران بۆ بەرەی مقاوەمە کردەوەو هەردوولا بیروڕایان لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەو بەتایبەتی هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسترائیل بۆ سەر بەرەی مقاوەمە کردەوە.
بەپێی میدیاکانی ئێران، نوری مالیکی لەم پەیوەندییەدا هۆشداریی داوە لەبارەی دۆخی هەستیاری ناوچەکەو وتویەتی "ئەمڕۆ شاهیدی ئەوە دەبین کە بەنیازن حزبوڵڵای لوبنان لەچەک داماڵنو بێگومان هەنگاوی داهاتوو نۆرەی عێراقو هێزەکانی حەشدی شەعبیو گروپەکانی دیکەی مقاوەمە دەبێت".
لەم پەیوەندییەدا ویلایەتیو مالیکی جەختیان لەوە کردوەتەوە کە "چەکداماڵینی حزبوڵای لوبنان و هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێکە لەپلانی ئەمریکی- زایۆنیستی بۆ لاوازکردنی بەرەی مقاوەمەو پێویستە گەلانی ناوچەکە ڕێگە نەدەن ئەم پڕۆژە مەترسیدارە جێبەجێ بکرێت".