پەیامی ئەمریکا بۆ عەلی زەیدی


سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار و باڵا لە بەغداد، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٦، ئاشکرای کرد کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نامەیەکی فەرمی و توندی لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، کە تێیدا واشنتن بە شێوەیەکی بڕاوە و بنەڕەتی، دژایەتیی خۆی بۆ بەشداریکردنی هەر گرووپێکی چەکدار لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا ڕاگەیاندووە، تەنانەت ئەگەر ئەو گرووپانە چەکەکانیشیان دابماڵن و بە تەواوی واز لە کاری سەربازیش بهێنن.

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە لە نامەکەی ئەمریکادا جەخت کراوەتەوە کە پێدانی هەر پۆستێکی وەزاری یان پلەیەکی باڵای حکومی بەم هێزانە یان بە کەسایەتییەکانی سەر بەوان، ڕووبەڕووی بایکۆت و هەڵوێستی توندی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دابڕانی سیاسی و کارگێڕی لەگەڵ ئەو وەزارەتەدا، کە ئەمەش لێکەوتەی ڕاستەوخۆی لەسەر کۆی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەجێ ناوەڕۆکی نامە مەترسیدارەکەی ئەمریکای گەیاندووەتە تەواوی هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، بە تایبەتی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي)، و لە ئێستاشدا گفتوگۆی زۆر چڕ و توند لە نێوانیاندا بەڕێوەدەچێت سەبارەت بەو "فیتۆیە نوێیەی ئەمریکا".

ئاشکراشی کرد کە پێش گەیشتنی ئەم نامەیە، لایەنە شیعییەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەچوون کە پۆستی وەزاری بدەنە چەند گرووپێکی چەکدار وەک بزووتنەوەی (عەسائیبی ئەهلی حەق) و لایەنەکانی تر، بە تایبەت دوای ئەوەی بڕیار بوو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، بەڵام ئەم هەڵوێستە توندەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هاوکێشەکانی تێکدا و جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و مشتومڕی نوێی لە ناو هاوپەیمانێتییەکاندا دروست کردووە سەبارەت بە شێوازی داهاتووی حکومەت.

ئەم مەرجە نوێیەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە واشنتن لە چەند هەفتەی ڕابردوودا فشارەکانی بۆ سەر بەغداد توندتر کردووەتەوە و بەردەوامیی پاڵپشتییە دارایی و سیاسییەکانی خۆی بەستووەتەوە بە دوورخستنەوەی تەواوی هێزە چەکدارەکان لە جومگەکانی دەوڵەت و بڕینی بودجەی فەرمیی هەندێک پێکهاتەیان.

بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی مەلەفی چەکدانانی گرووپەکان و بڕیارەکەی موقتەدا سەدر تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی (سەرایا سەلام).

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، لەسەر هێڵە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی فرەوان لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان و سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئامادەیی خۆیان بۆ چەکدانان نیشانداوە، تاوەکو خشتەیەکی زەمەنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بارەگاکانیان و تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لە ناو هێزە فەرمییەکاندا دابنرێت، هاوتای باسی ئەو گەرەنتییانەی کە دەدرێنە ئەو هێزە چەکدارانە لە ژێر تیشکی ئەم قەیرانە نوێیەدا.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال