کوڕەکەی حەمە سوور دووشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی 2یەکێتی کارمەندێکی دەروازە سیتی کوشت


وردەکاریی کوژرانی پاسەوانێک لە دەروازە سیتیی سلێمانی
 
ئەو کارمەندەی کوژرا ناوی (هەڤاڵ محەممەد کاکەخان) بوو، لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی لە سلێمانی شەوانە لە کاژێر 10:00 تاوەکو 06:00ـی بەیانی وەکو پاسەوان کاری دەکرد. 
 
هاوڕێیەکی هەڤاڵ کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێت "وەکو رۆژانی ئاسایی کاری خۆمان دەکرد و هەڤاڵیش وەک ئێشکگر لەگەڵمان بوو؛ نزیکەی کاژێر 02:00ـی شەو بوو کە ئۆتۆمبێلێک بە خێرایی بەنێو پرۆژەکەدا تێپەڕی، شۆفێرەکە تەنیا نەبوو، بەڵکو چەند کەسێکی دیکەی لەگەڵ بوو."
 
بە گوتەی هاوڕێکەی هەڤاڵ، "لێمان پرسی بۆچی خێرا لێدەخوڕیت؟ هەم لەبەر سەلامەتیی خۆت هەم بۆ دانیشتووانی پرۆژەکە، بەڵام رۆیشت." ئەو شایەتحاڵە کە قسەی بۆ رووداو کرد لەبارەی چۆنییەتی کوشتنی هەڤاڵ گوتی، "دواتر شۆفێرەکە گەڕایەوە کە کوڕێکی نەوجەوان بوو، تەنانەت دانیشتووی ئەو پرۆژەیەی ئێمەش نەبوو. ماڵەکەی خۆی لە پرۆژەیەکی نزیک دەروازە سیتییە. شۆفێرەکە پێی گوتین کە 'دەبێت داوای لێبووردن بکەن، چونکە منتان لەبەردەم میوانەکانم شکاندووە؛ نازانن کوڕی کێم؟' ئێمەش پێمان گوت 'هەقمان نییە کوڕی کێیت، کاکە، ببوورە، بەڵام لەبەر سەلامەتیی خۆت و دانیشتووانی ئێرە وامان گوتووە'."
دوای ئەو گفتوگۆیە هێشتا بەتەواوی روون نییە چی دیکە روویداوە، چونکە پۆلیسی سلێمانی ئامادەنەبوو لێدوان لەسەر ئەو رووداوە بدات، بەڵام هاوڕێکەی هەڤاڵ دەڵێت، هاووڵاتییەکە "بەوەش کۆڵی نەدا، دەمانچەی دەرهێنا و تەقەی کرد، دوو گولـلە بەر هەڤاڵ کەوت و دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا."
 
پرسەی هەڤاڵ لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانییە؛ هەمان ئەو گەڕەکەی کە تێیدا نیشتەجێبوو. هەرچەندە کەسوکار و براکانی هەڤاڵ لە پرسەکەی ئامادەبوون، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک بدەن، تەنیا ئەوەندە دەڵێن کە "قەڵای ماڵەکەمان کە کاسبکارمان بوو، بەناهەق کوژراوە و ئێمە دووژمندار نین و کێشەمان نەبووە."
 
نووسینگەی لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەڤاڵ "لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لەگەڵ کەسێک دەبێتە شەڕیان و دواتر ئەو کەسە بە دەمانچە هێرش دەکاتە سەری، برینداری دەکات و دواتر گیان لەدەستدەدات. بکوژ.. کەسێکی ناسراوە و ناو و ناونیشانی زانراوە."
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسە دەدەن و دوای دەستگیرکردنیشی، "زانیاریی زیاتر دەخەینەڕوو."
 
کەسوکاری هەڤاڵ لە بنکەی پۆلیسی بەکرەجۆ سکاڵایان تۆمارکردووە، دەڵێن، "هەموو بەڵگەکان و ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێرییمان رادەستی پۆلیس کردووە."
 
هەڤاڵ محەممەد کە لەدایکبووی 1990ـە، ماوەی شەش مانگە دەستبەکاربووە. رووداو پەیوەندی بەو کۆمپانیایەوە کرد کە هەڤاڵ کاری بۆ دەکرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان لەسەر رووداوەکە بدەن.

 کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 14-10-2021، کارمەندێکی سێکیوریتی کە کاری پاراستن و پاسەوانیی دەروازە سیتی لە سلێمانی دەکرد لەلایەن کەسێکەوە بە گولـلە کوژرا؛ هاوڕێیەکی نزیکی دەڵێت، "بکوژەکە" کوڕی بەرپرسێکی باڵای یەکێتییە و پۆلیسی سلێمانیش ئامادە نییە لێدوان لەبارەی رووداوەکە بدات. نووسینگەی بریکاری وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، "بکوژ.. کەسێکی ناسراوە و ناو و ناونیشانی زانراوە."


أحدث أقدم

نموذج الاتصال