سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و بەربژێری سەرکەوتووی ئەو پارتە لە پارێزگای کەرکووک رایگەیاند:" "لەسەر بنەمای رێککەوتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەولێر، من خۆم رێگەم نەداوە و نادەم پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و بەربژێری سەرکەوتووی ئەو پارتە لە پارێزگای کەرکووک لە پۆستێکیدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "لەسەر بنەمای رێککەوتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەولێر، من خۆم رێگەم نەداوە و نادەم پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک".
ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی دەشڵێت، "ئەوەی سەرساممان دەکات بێدەنگیی سیاسەتمەداران و حیزبە تورکمانییەکانە".
رۆژی سێشەممە 26-10-2021 شاندی باڵای هاوئاهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەنتەری میدیا و زانیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرا.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەرکی ئەو دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕکردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بنکەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا