مەسرور بارزانی:سەرەدانی زانکۆیەکان دەکات و گوێ لە گلەیی و داواکاری قوتابیان دەگرێت


 

ئه‌مڕۆ شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە گیروگرفتەکانی قوتابیان لە شاری هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆکانی کوردستان كۆبوویەوە و گوتەیەکی پێشکەش کردن.


پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:


• ئێمە وڵاتێکدا دەژین، بەداخەوە بە درێژایی مێژوو دووچاری چەندین قەیران و کێشە و مەینەتی و هێرش و غەدر و زوڵمی مێژوویی بووەتەوە.

• دەزانین نەتەوە و خەڵێکی مەغدورین بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان کە لە کوردستان دەژین، هەموو هەوڵێک دراوە کە نەهێڵن خۆمان لەسەر پێی خۆمان بوەستین.

• چارەسەرکردنی کێشە بەوە دەکرێت کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین، گوێ لە یەکتر رابگرین و بەیەکەوە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین.

حکومڕانی تەنیا ئەوە نییە حکومەتێک حکومڕانی بکات و هاووڵاتییش گوێڕایەڵ بێت، ئێمه‌ لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی گوێ له‌ داوا و كێشه‌كانتان بگرین.

• حکوومەت پشتیوانیی لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە دەکات.

• ئاراستەکردنی خۆپیشاندان بە شێوازێکی تر کە توندوتیژی دروست بێت، ئەمە نە خزمەتی مافەکانی قوتابییان دەکات، نە هی داواکارییەکان نە چارەسەری گرفتەکان.


• دەتوانن هەموو جارێک نوێنەری خۆتان بنێرن تا داواکارییەکانتان بە حکوومەت بگات.

• سووتاندنی بارەگا و پەلاماردانی یەکتر و توندتیژی، ئەمە هەموومان ئازار دەدات.

• بۆچی رێگە بدرێت بە کەسێک ئەجێندای سیاسیی خۆی بەناوی قوتابییەوە جێ بەجێ بکات؟

• ئێوە پێشمەرگەی قوتابی بن، پێش هەموو کەسێک بەرگریی لە مافی وڵات و سیمبۆلی وڵاتەکان بکەن.


• جێی داخ بوو کە بینیمان بە پێوە چوونەتە سەر ئاڵای کوردستان و بێڕێزی بە سیمبۆلێک کرا کە بووەتە دوابەرگی هەزاران شەهید.

• بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان داوای قوتابی نییە. دڵنیام بێڕێزیکردن بە ئاڵا کاری قوتابی نییە.

• حکوومەت لەو بێڕێزییەی بە ئاڵای کوردستان کردووە لێی بێدەنگ نابێت. ئەوانەی بێڕێزیی بە ئاڵای کوردستان دەکەن پێویستە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

• ئێمە سەرکۆنەی بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان دەکەین، لە هەمان کاتدا سەرکۆنەی توندوتیژی دەکەین چ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر بە قوتابی کرابێت یاخود ئەوانەی بەناوی قوتابییەوە پەلاماری هێزە ئەمنییەکان بدەن.


• ئێمه‌ له‌ حكوومه‌ت خوێندنمان به‌ خۆڕایی پێشكه‌ش كردووه‌.

• له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو خوێندن به‌خۆڕایی نییه‌ و ده‌بێ پاره‌ بدرێت، بانك قه‌رزیان پێ ده‌دا و دواتر به‌ قست پاره‌ی خوێندن به‌ زانكۆكان ده‌ده‌ن، قه‌رزه‌كانیش بانك ده‌یدا و حكوومه‌ت نایدا.

• ئەو بڕە بودجەی دەبوو حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بڕدراوە.

• لە ماوەی ئەم چەند ساڵە 23 ملیار دۆلار پارەی هەرێمی کوردستان کە مافی ئێوەیە حکوومەتی عێراق نەیناردووە.

•لایەن هەبووە داوای لە حکوومەتی فیدڕاڵی کردووە بڕە بودجەی هەرێم نەنێرێت بۆ ئەوەی حکوومەت بڕووخێت.


• ئۆپۆزسیۆن دژی بەردەوامبوونی حکوومەت بوو دەیویست سوود لە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی ببینێت تا حکوومەتی هەرێم بڕووخێت و نەتوانێت ئیدارەی خۆی بدات.

• ئۆپۆزسیۆن لەلایەکی دیکەوە دەهاتن خەڵکیان هان دەدا کە حکوومەت پارەتان ناداتێ و مووچەتان ناداتێ.

• ئۆپۆزسیۆن لە هەردوو لاوە خەریکی لێدانی ئەم ئەزموونە بوون.

• لەم کابینەیە سەرەڕای ئەوەی چەندین کێشەوگرفتمان هەبوو، تەنیا بەو چاکسازییەی کە کرا توانیمان ئیدارەی خۆمان بدەین.

• ناکرێت ئەو پارەی دێتە بەردەست هەمووی بکەین بە مووچە.

• حکوومەتی هەرێم بەرپرسە لە هەموو هاووڵاتییانی خۆی، تەنیا لە چینی مووچەخۆر بەرپرس نییە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال