دوو سیخوڕی ئیتڵاعات لە کوردستان دەستگیرکران


 

ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات کرایە ئامانجی پەلامارێکی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و، لەو ڕووداوەدا ١٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات کە شەش کەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوون، شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندار بوون. هەر ئەوکات بنەماڵەی شەهیدان، برینداران و قوربانییانی ئەم جینایەتە سامناکە لە دادگایەکی هەرێمی کوردستاندا سکاڵایان لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمار کرد و خوازیاری بەدواداچوون و پێڕاگەیشتن بەو تاوانە بوون کە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا لەدژی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەرچی بەڕەسمی بەرپرسایەتیی ئەو تاوان و جینایەتە جەنگییەی لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا گرتەئەستۆ و جێی هیچ شک و گومانێکی بۆ هیچ لایەنێک نەهێشتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئۆڕگانە بەرپرسیارەکانی خۆی ئەرکدار کرد تا بەوردی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی سەرگرتنی ئەم پیلانەی کۆماری ئیسلامی بکەن. ئەوە بوو کە کۆمیتەی ئەمنییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش ماوەیەک توانی دوو کەس لە مۆرە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی کە توانیبوویان خۆیان بخزێننە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب، دەسبەسەر بکا.

” کەیوان (سۆران) فەیزی” و “فەراز سەڵەواتی” کە خەڵکی سنەن، دوای دەسبەسەرکران و لە ڕەوتی لێپرسینەوە و بەدواداچووندا دانیان بەوە داناوە کە سیخوڕییان بۆ کۆماری ئیسلامی کردووە و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی لە سنەوە ئەرکی سیخوڕی، تێرۆر و کاری تێکدەرییان لە ڕیزەکانی حیزبدا پێ سپێردراوە کە چاوساغی و پێدانی زانیاری بۆ  مووشەک‌بارانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات، یەک لەو تاوانە گەورە و جینایەتە خایینانەیە بووە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای بەدواداچوون بەو پەروەندەیە و هەڵسەنگاندن و تاوتوێی هەموو لایەنە قانوونی و سیاسییەکانی ئەو بابەتە، گەیشتە ئەو ئەنجامە کە بۆ ڕێزگرتن لە سەروەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەو تاوانە لە خاکی هەرێم‌دا کراوە و پێشێلکردنی سەروەری و یاساکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێڕاق بووە، ئەم تاوانبارانە بۆ بڕیارلەسەردانی کۆتایی ڕادەستی دەزگای دادوەریی هەرێمی کوردستان بکات. حیزبی دێموکراتی کوردستان دەخوازێ ئەم تاوانبارانە لە مەحکەمەیەکی دانپێدانراوی قانوونیدا دادگایی بکرێن و بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەکان سزای شیاوی کردەوەکانیان وەربگرن، بۆ ئەوەی دواتر حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و قوربانییانی ئەو تاوانە گەورەیە بە دەست‌ئاوەڵایی زیاترەوە ئەو بابەتە وەک پەروەندەیەکی دانپێدانراوی دادگایەکی خاوەن‌سەڵاحییەت بەدژی کۆماری ئیسلامی لە دادگاکانی تاوانی وڵاتانی دیکەشدا وەگەڕ بخا و خوازیاری دادخوازییەکی نێونەتەوەیی بن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشتر و لەکاتێکدا کە ناوچە ئازادکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەڕێوە دەبرد و هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵاتدا چالاکی و جموجۆڵی هەبوو، پەروەندەکانی لەم بابەتە لە بەشی قەزایی حیزبدا و بەپێی یاسای سزادانی گشتی بڕیاری لەسەر دەدان و سزای شیاوی بۆ تاوانی لەم جۆرە لەبەرچاو دەگرت. بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی تاوانەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان خوڵقاوە و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش ڕێز لە سەروەری و یاساکانی هەرێم دەگرێ، ئەم پەروەندەیە بۆ پیڕاگەیشتن و بڕیارلەسەردان ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکا.

بێگومان بە ڕادەست‌کردنی تاوانبارانی ئەم پەروەندەیە بە دەزگای دادوەریی هەرێمی کوردستان بەرپرسایەتییەکی گەورە و مێژوویی دەکەوێتە سەرشانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و دەزگای دادوەریی هەرێم بەتایبەتی. ئێمە دەخوازین و چاوەڕوانین کە دەزگای دادوەریی هەرێمی کوردستان بە سەرنجدان بە باری قورسی تاوانەکە و دانپێدانانی تاوانباران حوکم لەسەر ئەم پەروەندەیە بدا و، وێڕای ئاشکراکردنی نەخشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تاوانباران بە سزای ئەو جینایەتە سامناکەی بە هاریکاریی ئەوان بەڕێوەچووە بگەیەنێت.


أحدث أقدم

نموذج الاتصال