شێركۆ جه‌وده‌ت: داهاتی‌ سلێمانی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و قوباد تاڵه‌بانی‌ لێی‌ به‌رپرسه‌

 


له‌سه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ سلێمانی‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان زانیاری‌ راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌ڵێ‌، داهاتی‌ سلێمانی‌ نانێردرێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابووری‌. 

داهاتی‌ سلێمانی‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ مشتومڕی‌ له‌سه‌ره‌، وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نایشارێته‌وه‌ كه‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ سلێمانی‌ ئه‌سته‌مه‌، ئه‌وه‌یش چه‌ندان جار هۆكار بووه‌ تا دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دوابكه‌وێ‌. 

شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ گوتی‌، داهاتی پارێزگای سلێمانی ده‌ستوه‌ردانی تێدا ده‌كرێت و پاره‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی نانێرن.
 
" وه‌زیری دارایی ئاواتی شێخ جه‌ناب، جه‌نابت باش ده‌زانی كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌شاردرێته‌وه‌ و راده‌گیرێت، بۆ راستییه‌كان به‌ خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی هه‌رێمی كوردستان ناڵێی؟ بۆ ناوه‌كان ناهێنی كه‌ كێ له‌ پارێزگای سلێمانی پاره‌ له‌ داهاتی ناوخۆی پارێزگاكه‌ گلده‌داته‌وه‌؟ كێش ناینێرێت بۆ وه‌زاره‌تی دارایی؟" شێركۆ جه‌وده‌ت وا ده‌ڵێ‌.
 
جه‌وده‌ت، ئۆباڵی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان و باس له‌وه‌ ده‌كات جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ندێك داتا و ژماره‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پارێزگای سلێمانی ناردوویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ت روون نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌نددا ئه‌و پاره‌یه‌ نێردراوه‌.

هه‌روه‌ك دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ به‌رپرسه‌ له‌به‌رانبه‌ر به‌ نادیاری داهاتی پارێزگای سلێمانی.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال