سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داوای رادەستكردنی هەردوو بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبارو هەریر سەر بە پارێزگای هەولێر دەكات.بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی تایبەتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە بەبۆنەی نزیكبونەوەی وادەی كۆتایی كشانەوەی هێزە بیانییەكان لەعیراق دەریكردوە ئاماژەی بەوەكردوە، پێویستە سەرجەم هێزە بیانییەكان لەعیراق لە بەرواری 31-12 بكشێنەوەو بەهیچ جۆرێك قبوبَی ناكەین هیچ هێزێكی شەڕكەر لەژێر هەرناو و پاساوێكدا بێت بمێنێتەوە.
هەروەها عامری راشیگەیاندوە، پێویستە سەرجەم بنكە سەربازییەكانی عیراق كە بیانییەكان كاریان تیادا كردوە رادەستی سوپاو هێزی ئەمنی عیراق بكرێن بەتایبەت هەردوو بنكەی هەریرو عەین ئەسەد.
لەبەشێكی تردا هادی عامری دەڵێت: هەر پێویستییەك بۆ ئامادەبونی راوێژكار یاخود راهێنەرو هونەریی پێویست بێت، دەبێت بەقەدەر ئەو پێویستیە بێت كە لەلایەن فەرماندە باڵاكانی سەربازییەوە دەستنیشان دوكرێت و رونبكرێتەوە هۆكاری پێویستی و ئامادەبونیان چیە، ئەمەش بەپێی ئەو رێككەوتنەیە كە لە نێوان عیراق و ئەمریكادا كراوە، هەروەها پێویستیشە هاتنە ناوەوەو چونە دەرەوەی راوێژكارو راهێنەرو هونەرییەكان بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی عیراق بێت تا رێز لە سەروەریی وڵات بگیرێت و هەموو سەروەرەییەكی ئاسمانیش بۆ عیراق بگەڕێنرێتەوە.
بەشەکان
ئێراق کوردستان