ئەلمانیا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە یاسا بێن بۆ ئەلمانیا


 

د. یوئاخم شتامپ، وەزیری کۆچبەرانی هەرێمی نۆردراین ڤیستڤاڵنی ئەڵمانیا راگەیاند، لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن بۆئەوەی هاووڵاتییانی بە فەرمی ببەنە ئەڵمانیا. ئەو وەزیرەی هەرێمەکەی ئەڵمانیا دەشڵێت، پێویست ناکات خەڵکی هەرێمی کوردستان بچنە بێلاڕووس و فریوبدرێن، بەڵکو دەکرێت بە فەرمی داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا بکەن.
 
وەزیری کۆچبەرانی هەرێمی نۆردراین ڤیستڤاڵنی ئەڵمانیا شێواز و رێگەی نوێی گەیشتنی کەسانی کارویستی بۆ وڵاتەکەی راگەیاند و گوتی، "حکومەتی نوێی ئەڵمانیا کار بۆ پێداچوونەوەی سیاسەتی کۆچبەری لە وڵاتەکەی دەکات و دەیەوێت سیاسەتێکی نوێی کۆچبەری بهێنێتە ئاراوە".
 
یوئاخم شتامپ لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری رووداو ئەوەی ئاشکراکرد، ئەوان ریفۆرم لە مەرجەکانی هەڵگرتنی وڵاتینامەدا دەکەن و لەمەودا لە ئەڵمانیا رێگە بە هەڵگرتنی دوو وڵاتینامەیی دەدرێت، ئەوەشی خستەڕوو کە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانی ئەڵمانیا بەدوای کەسانی خاوەن توانادا دەگەڕێن لە هەرێمی کوردستان و ئەو کەسانە چانسی کارکردنیان لە ئەڵمانیادا زۆر بەرز دەبێت.
 
وەزیری کۆچبەرانی هەرێمی نۆردراین ڤیستڤاڵنی ئەڵمانیا، کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکەیە باسی لەوەش کرد، پێشتر سەردانی هەولێر و دهۆکی کردووە و بە شوێنێکی سەرنجڕاکێش ناویان دەبات. جەخت لەوەش دەکاتەوە، حکومەتی ئەڵمانیا کار دەکات بۆ پشتگیریی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "پەیوەندیی باشم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا هەیە".
 
سەرنجی بەرپرسە ئەڵمانییەکە تەنیا لەسەر خەڵکی باشووری کوردستان نەبوو، بەڵکو ئەو کارەکانی پرۆژە کارلەسەرکراوەکەی حکومەتەکەی بە بۆرسەی کار ناودەبات و دەڵێت، لەنێو هەرێمی کوردستاندا بۆ بردنی دەستی کار بۆ ئەڵمانیا، جیاوازی لەنێوان نەتەوە و پێکهاتە نیشتەجێیەکانی نێو هەرێمی کوردستاندا ناکەن.
 
یوئاخم شتامپ دەشڵێت، بۆ پرۆژە نوێیەکەی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا، پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەڵمانیادا دروستکراوە، ئەو هیواخوازە پرۆژەبڕیارەکان لەبارەی بۆرسەی کار و بردنی دەستی کار لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا، بەزووترین کات دەستپێبکات.
أحدث أقدم

نموذج الاتصال