فازڵ میرانی: بەڵگەی یاساییمان هەیە و لە خۆمانەوە قسە ناکەین



 فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی، ''دەسەڵاتی هیچ کەسێک نییە دەنگی دەنگدەر پووچ بکاتەوە''.
سەبارەت بەو ڕاگەیاندراوەی پارتی کە دەڵێت، دوو کورسیی ئەو حزبە لە هەولێر و نەینەوا بەتاڵان براون، فازڵ میرانی گوتی: ''برادەرانی یەکێتی دەڵێن ئێمە بەتاڵانمان نەبردووە، ئێمە باسی یەکێتیمان نەکردووە، باسی ئەوانەمان کردووە کە دەسەڵاتیان هەبووە و کورسییەکانی ئێمەیان تاڵان کردووە و بۆ ئەوەش ڕێگای یاساییمان گرتۆته‌ بەر و بەڵگەی یاسایی و شارەزامان هەیە و لە خۆمانەوە قسە ناکەین''.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاشیگەیاند: ''ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هه‌نێدێک هەنگاوی هاویشتووە کە دەسەڵاتی ئەو نییە، دەسەڵاتی هیچ کەسێک نییە دەنگی دەنگدەر پووچ بکاتەوە، من کە جارێک دەنگم داوە، بۆچی دەنگەکەم پووچ بکرێتەوە، ئەوە دەستووریش ئیجازەی پێ نادات''.
فازڵ میرانی جەختی کردەوە: ''ئێمە بەپێی ڕینوێنییە یاساییەکان بەردەوام دەبین و لە عێراقیش هەموو شتێک چاوەڕی دەکرێت''.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لەسەر پەیوەندیی پارتی لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن گوتی: ''جارێ هیچمان نەکردووە تا ئەنجامەکان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسند نەکرێن، کە پەسند کرا ئەوسا ئێمە جووڵە دەکەین و ئەوە ماڵی شیعەش خەریکە پێکەوە کۆ دەبنەوە، ئێمەی کورد ناکەوینە ناو دوو بەرداشەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە ناوماڵی خۆمان، هەقە لەپێشدا ئێمە و یەکێتی ناوماڵی خۆمان ڕیک بخەین، ئینجا بچین لەگەڵ خەڵکی دیکەش قسە بکەین''.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال