شێخ نەهرۆ كەسنەزانی: لەهەوڵداین بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی كاروبارەكانی عێراق
شێخ نەهرۆ كەسنەزانی سەرۆكی تەریقەتی قادری كەسنەزانی لەجیهان پێداگریكرد لەسەر گرنگی راستكردنەوەی رێڕەوی كاروبارەكان لەعێراقدا بەگشتی.
كەسنەزانی لەدانیشتنێكدا لە بارەگای سەرۆكایەتی تەریقەتی قادری كەسنەزانی لەسلێمانی رایگەیاند، تەریقەتەكەیان هەوڵدەدات لەپێناو راستكردنەوەی رێڕە و كاروبارەكان لەعێراقدا بەگشتی و دووپاتیكردەوە زۆر گرنگە پێش دروستكردن، مرۆڤەكان بنیاتبنێینەوە.
وتیشی: رێكخراوە تەكفیریە پیسەكان و تەشكیلاتە قێزەوەنەكان كە هەڵگری ناونیشانی ئیسلامین، پێش ئەوەی دەستبكەن بە سوتاندنی داروبەردو ماڵەكان و وێرانكاری، ناخی مرۆڤەكانیان كوشت و ئەو هێرشە كوشندەیەی تەكفیریەكان بەرپایانكرد هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی خاكی عێراق بكەن بە خاكی خوێنڕشتن و كوشتن و بڵاوكردنەوەی رق و كینە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە پاراستنی گیانی مرۆڤەكان زۆر گرنگە و هەموو هەنگاوێكی ئەوان بۆ رزگاركردنی مرۆڤە.