پارتی لە خولەکانی تریش توانای ئەنجام دانی ئەو ماراسۆنە سیاسیەی ئێستای ھەبوو


 کێشەی سەرۆک کۆمار کێشەیەکی بابەتیانەیە نەک کەسی وسەفقەی سیاسی.


دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، ھەروەک لەدەرەنجامە فەرمی و کۆتاییەکانی کۆمسیێۆنی ھەڵبژاردنەکان دیاری کرا ھەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی دەنگی کوردستانی بە ٣١ کورسی و حەلبوسی زۆرینەی دەنگی سوننەکانی بە ٣٧ کورسی و سەدریەکانیش زۆرینەی دەنگی شیعەیان بە ٧٣ کورسی بەدەست ھێنا ، بەم شێوەیەش سێگۆشەی ھێزە سەرەکیەکانی سێ پێکھاتە سەرەکیەکەی عێراق ڕونتر دەرکەوت ، دواتریش نزیک بوونەوەو ڕێکەوتنی ھەرسێ ھێزەکان بە نوێنەرایەتی زۆرینەی ھەرسێ پێکھاتە سەرەکیەکان تەکانێکی زۆر بەھێزی دایە تەوژمی پرۆسەی سیاسی بەرەو پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت ، ھەرسێ ھێزەکان بێ ھیچ بەرھەلستیەک رازی بوون بەو عورفە سیاسیەی دوای ٢٠٠٣ دروست بوو لە دابەش کردنی دەسەڵات کە بریتی یە لە پشک کردنی

پەرلەمان - سونە ، 

سەرۆک کۆمار - کورد ، 

ئەنجومەنی وەزیران - شیعە 

کە لە سایەی ڕێژەی پێکھاتەیی دروست بووە و بە شێوەیەکی ڕێژەیی چارەسەرێکی ژیرانەیە بۆ وڵاتێکی فرە پێکھاتەو ناجێگیر ،ئاشکراتر بوونی سێ جەمسەری ھێزی سەرەکی و نزیک بوونەوەی خێرایان لەیەکتر بە دڵنیاییەوە بارودۆخێکی گونجاوتر چاوەرێی عێراق دەکات بەو پێەی ئەو ھێزانە لەسەر بنەماکان کۆکن و خێراتر دەگەنە ڕێکەوتن لەسەر لێکەوتە بەشەکیەکان.

ھەرچەندە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر بنەمایێکی عورفی تەجریدی سەرۆکی کۆمار لە پشکی کورد بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دانراوە بەڵام بۆ ئەمجارە پێناچێت پارتی کە خاوەنی زۆرینەی دەنگی کوردە بێ مەرج لەسەر ئەو بنەمایە بمێنێتەوە ، ھەروەک ئاشکرایە پارتی فۆکەسی زیاتری لەسەر بارودۆخی ناوەخۆی کوردستانە نەک عێراق ھەر بەو ھۆیەش پێشتر لەسەر مەرج و بەرامبەری زۆر کەمتر لەئاستی پۆستی سەرۆکی کۆمار سازشی کردووە ، لەکاتێک دا پارتی کە نوێنەرایەتی زۆرینەی کوردی بەدەست ھێناوە مافێکی سروشتی و دەستوری-عورفی خۆیەتی ممارەسەی سەرۆکایەتی کۆمار بکات ھاوشانی حەلبوسی و سەدریەکان ، بۆ ئەمجارە پارتی دەیەوێ سود لە پۆستی سەرۆک کۆمار ببینێت بۆ باشتر کردنی دۆخی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ، ھەروەھا پارتی دوای بەھێزکردنی حکومەتی ھەرێم لەسەرەتای ئەو کابینەیەوە دەیەوێ بەھەمان شێوەو ھاوکات بەھێزی پێگەی کورد لەبەغداو پەیوەندی نێودەوڵەتیش تۆختر بێتەوە کەواتە پارتی لە ڕوانگەیەکی بابەتیانە لە دانانی کوردێک بۆ سەرۆکی کۆمار دەڕوانێت نەک جۆرێکی تر.

لە کابینەی رابردوو زۆرینەی ھێزە شیعەکان لە گەرمەتای ئەنجامدانی ریفراندۆم سارد نەببوونەوە بەئاشکرا بەلای یەکێتی بایان دایەوە بۆیە خاڵی ناکۆکی ئەوکات بریتی بوو لەوەی ئاخۆ سەرۆکی کۆمار بۆکورد لەنێوان کورد-کورد یەکلا بکرێتەوە کەپارتی داوای دەکرد یان لەنێوان کورد-عەرەب کە یەکێتی داوای دەکرد بەو ھۆکارەش کێبەڕکێیەکە لەبەرژەوەندی یەکێتی یەکلا بووەوە بە پشتگیری ئاشکرای عەرەبەکان بەتایبەتی شیعەکان ، بەڵام ئێستا ھەڵوێستەکان پێچەوانەن و عەرەبیش دەماری بۆ ئەنجامی ڕیفراندۆم خاوتر بۆتەوە چونکە بەتەواوی گەیشتنە ئەو باوەڕەی پارتی نوێنەرو دەربڕی ویستی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستانە ، تێگەیشتن ھەرچەندە پارتی سەرسەختانەتر داوای مافی کورد دەکات ڕێگای ڕێکەوتن سەختترە بەڵام لەکۆتایی ئەگەرچی ڕێگاکەش دوورترو سەختتر بێت بەڵام بەرھەم دارو بناغەیی دەبێت.

پارتی لە خولەکانی تریش توانای ئەنجام دانی ئەو ماراسۆنە سیاسیەی ئێستای ھەبوو بەڵام لەو باوەڕە دانەبوو ھەرگیز نوێنەرو ھەلبژێردراوانی تری کورد لە بەغدا دژی مافی کورد بوەستنەوەو ھەستیاری وبابەتەکانی بارودۆخی ناوەخۆی ھەرێم لە بەغداوە ھەژمار بکەن ، ئەو ترسە وای کردووە پارتی بە ئاسانی لەسەر مافی خۆی سازش نەکات لانی کەم کەسێک ببێتە سەرۆکی کۆمار ئەگەر سودو قازانجیشی بۆ ھەرێم و خەڵکی کوردستان نەبێت زیانیشی نەبێت ، ئەو بابەتە بۆ پارتی وەک لێدانی سزایە بەرامبەر ھێزەکانی تر کە دەیەوێ لە قالبی کوردایەتیان بگرێتەوەو بگەڕێنەوە سەر ھەڵوێستە ڕەسەنەکانی خۆیان ، بەڵێ ئەو یاریەی ئەمجارەی پارتی بە فیعلی لە قالب دانەو کاریگەریشی دەردەکەوێت لەداھاتوو دا بەوەی کورد لە بەغدا نابێتە دژی کورد لە ھەرێمی کوردستان و ئامانجەکان لەھێڵی ھەولێرو بەغدا ھاوتەریب سەردەکێشن بەرەو بەرژەوەندیە گشتی یەکانی ھەرێمی کوردستان .

بەگشتی چاوەڕێ دەکرێ عێراق بەرەو دۆخێکی سەقامگیرتر ھەنگاو بنێ بەو پێیەی گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕودەدات لە پێکھاتەی حکومەتی ئەمجارە،چاوەڕوان دەکرێ ئەمریکا بەتوندی پشتگیری پێکھێنانی حکومەت بەھاوبەشی ھاوپەیمانی سێ ھێزە سەرەکیەکەی سێ پێکھاتەکە بکات لانی کەم وەک بەدیلێکی سیاسی لەدوای کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی لەکۆتای ساڵی ڕابردوو ئەمەش گۆڕانکاریەکی سەرەکیە چونکە دوای ٢٠٠٥ ھیچ حکومەتێک لە عێراق پێک نەھاتووە کە سێبەری ئێرانی لەسەر نەبێت، لەلایەکی تر کابینەی ئەمجارە پێک دێت بە ھاوپەیمانیەکی توندوتۆڵی سێ پێکھاتە سەرەکیەکە بەتایبەتیش ئەگەر حکومەتێکی زۆرینە دروست بێت نەک بنکە فراوان، ئاماژەیەکی تر بۆ بەھێزی ئەو کابینەیە ئەوە دەبێت ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەست بێنێت ھەروەک لەھەرێمیش سەرۆکایەتی کابینەی حکومەت دەکات نزیک بوونەوە وھەماھەنگی نێوان حکومەتی فیدڕال و حکومەتی ھەرێم خێراترو پتەوتر دەبێت بەمەش پەیوەندیەکان بەرەو باش بوون ھەنگاو دەنێن و کاریگەری ئەرێنی لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی دوولایەنەی ھەرێم و بەغدا دەبێت.

ئەردەلان گەزنەیی

٣٠/١/٢٠٢٢

أحدث أقدم

نموذج الاتصال