سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەبێت لە بەرامبەر ئەم کردەوە تیرۆرستییانە، داواش لە هەموو هێز و لایەن و ڕەوتە جۆراوجۆرەکان دەکات ئیدانەی ئەم کردەوە تیرۆرستییە بکەن.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕووبەڕووی هێرشێکی ترسنۆکانەی تیرۆرستی بووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە تاوانباران سوورن لە لێدان لە ئاسایش، پابەندی، توانا و بەرژەوەندی خەڵکی عێراق".
ئەوەشی خستۆتەڕوو "بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە مووشەک و بەرکەوتنی یەکێک لە فڕۆکە مەدەنییەکان تێکدانی ڕێڕەوەکەی هەوڵێکی تازەیە بۆ لەکەدارکردنی عێراق و مەترسی خستنە سەر ستاندارتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی عێراق و دروستکردنی ترس و نادڵنیایی هەرێمی و نێودەوڵەتی".
دەشڵێت "ئەم کردەوە تیرۆرستییە درێژکراوەی زنجیرەیەک ئامانجی مووشەکییە بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی عێراق و هەروەها بارەگای لایەنە سیاسییەکان، بۆ شکاندنی شکۆی دەوڵەت، یاسا، دەستکەوتە سیاسییەکانی دەرەوەی عێراق و لێدان لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک".
کازمی جەختیشی کردۆتەوە "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەموو شێوەکانییەوە بەشداری تەواویان لە بەرقەراکردنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق هەبووە، هەروەها وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەبێت بۆ ئەم جۆرە کردەوە تیرۆرستییانە".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا کازمی دەڵێت "وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان داوا لە هەموو هێز و لایەن و ڕەوتە جۆراوجۆرەکان دەکەم کە ئیدانەی ئەم هێرشە مەترسیدارە بکەن و پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان بکەن".
لە درێژەی پەیامەکەشیدا هاتووە "داوا لە وڵاتانی دۆستی عێراق دەکەم کە سنووردارکردنی گەشت و گواستنەوەی ئاسمانی بۆ عێراق سنووردار نەکەن، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئامانجی تیرۆرستان".
جێی باسە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی به 6 مووشهك هێرشكرایه سهر فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی بهغدا و بههۆیهوه زیان بهر فڕۆكهیهكی مهدهنی و چهند ناوچهیهكی فڕۆكهخانهكه كهوتووه.