وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە بە قیستی درێژخایەن ئۆتۆمبێل و ئامێری كشتوكاڵی بۆ جوتیاران دابین دەكرێت و دەشڵێت: “لە گومرگ و پارەی تابلۆ دەبەخشرێن”.
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی بریاری ژمارە (79) ی ئەنجومەنی وەزیران و ڕەزامەندی هەر سێ وەزارەتی (كشتوكاڵ، ناوخۆ، دارایی)، وەزارەتەكەیان بە هەماهەنگی كەرتی تایبەت هەڵدەستێ بە دابینكردنی (ئامێر و كەڵوپەلە پێشكەوتووەكانی كشتوكاڵی) بەشێوەی قستی درێژخایەن بەبێ وەرگرتنی هیچ پێشەكیەك، تاوەكو بەردەست بوونی ئامێرەكان بۆ جوتیاران.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو ئۆتۆمبێل و ئامێرانە بەنرخێكی گونجاو دەبن، بەلێخۆشبوونی گومرگی و بەخشینی تابلۆی كشتوكاڵی.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەو بڕیارە وەك هەنگاوێكی گرنگە بۆ پاڵپشتی و ئاشنایەتی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بە تەكنەلۆژیای نوێ لەبەرهەمهێنانی كشتوكاڵی.
ئاشكراشی كردووە، بۆ ئەو جوتیارانەی، كە خوازیاری وەرگرتنی ئامێر و كەڵوپەلی كشتوكاڵین، بەمەبەستی تۆماركردنی ناویان و پێدانی زانیاری لەسەر جۆری ئامێر و كەڵوپەلەكان و پڕكردنەوەی فۆڕم، لە رێكەوتی 2022/1/23 دەتوانن سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بكەن.
راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو