چۆن کار لەسەر وشککردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم دەکرێت؟
یەکەم/ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم کە لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ۲٠۲۱ دیاریکراوە و ئەگەر یاساکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرایە بۆ مانگێک لە ٪٦۳ داهاتی هەرێمی پر دەکردەوە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵێ ۲٠۲۱ ، دەبوایە عێراق مانگانە ۸۱٦ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، کەچی عێراق تەنها ۲٠٠ ملیاری ناردووە!
دووەم/ بەردەوام بوونی دیاردەی قاچاخ لە دەروازە سنوورییەکان و نەناردنی داهاتی گومرک و باج و رسومات لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەسبەسەرداگرتنی، بەرنامەیەکی سیاسی روونە و مەبەست هەوڵدانە بۆ وشککردنەوەی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم (داهاتی ناوخۆ) کە لە ٪۱۲ داهاتی هەرێم پێکدەهێنێت.
سێیەم / داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشی نەوت، کە لە ٪۲۳ داهاتی هەرێم پێکدەهێنێت.
لە سەروبەندی هەلبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەمرۆ دادگای فیدرالی عێراق سەبارەت بە سکاڵای وەزیری نەوتی عێراقی و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە کە لە ساڵی ۲٠۱۲ کردوویانە بریارێکی دەرکرد لەسەر رادەسکردنی نەوتی هەرێم!
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە بۆچی دوایی تێپەربوونی ۱٠ ساڵ دادگای فیدرالی سەبارەت بەم سکاڵایە بریاری دەرکرد؟!
کۆی هەموو ئەمانە روون و ئاشکرایە کە چۆن هەنگاوبەهەنگاو هەوڵ بۆ وشککردنەوەی سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێم دراوە و هەوڵەکانیش بەردەوامە.
بریارەکە بریارێکی تەواو سیاسییە و نەفەسێکی شۆڤینیە بۆ برسیکردنی هاوڵاتیانی هەرێم و هەر کەسێکیش بە شانازی و دەسکەوتی بزانێت پێویستە کوردبوون و مرۆڤ بوونی بخرێتە ژێر پرسیارەوە...
لیزا فەلەکەدین کاکەیی
ئەندام لە لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمان