قسەیەکی«ڤلادیمیر پوتین»ھەیە دەڵێت: ئەوانەی دژی گەندەڵی دەوەستنەوە و قسە دەکەن، دەبێت سەرەتا خۆیان خاوێن بکەنەوە.
زۆربەی مرۆڤەکان ئەو کاتەی دەستەڵاتیان لاواز دەبێت، بانگەشەی ئەو شتانە دەکەن کە نییانە، ئەمە قسەی من نییە،«سوقرات»وا دەڵێ و دەروونزانیش ھەر وا دەڵیت. دەی ئەوە دوو دەیەیە سیاسییەکانی عێراق بۆ شاردنەوەی بێدەستەڵاتی و کەمتەرخەمییەکانیان ئەم تێزە مومارەسە دەکەن، لە جیاتی خزمەتی خەڵک و وەستانەوە بە ڕووی گەندەڵییدا، لە جیاتی بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری و سیاسی ئەم وڵاتە، دێن بەردەوام بانگەشەی مۆدێرنە و دروشم و مەقولەی جوان بۆ خەڵک بەیان دەکەن.
ھەر خۆی گەندەڵی لە عێراق نەک بۆتە فاکت، بەڵکو خۆشە بووە لەگەڵی و کەچی: بە مناوەرەی یاسایی دەیانەوێت، ناوەناوە باوەڕمان بە دیموکراسییە«دووکێش»ەکەیان نوێ بکەنەوە، دیموکراسییەک وەک لاستیکی دووکێش ئەگەر کێشت ئاسان بوو ئیتر: تەکنۆکرات و نیشتیمانیت، ئەگەریش کێشت قورس بوو ئیتر: بە پێی یاسا تۆ گەندەڵی و مافی ئەوەت نییە پێ بنێیتە ناو جومگە گرنگەکانی دەوڵەت.
وەک خۆم ھەر لە سەرەتاوە پێموا نەبووە کاندیدی پارتی بە تایبەت«ھوشیار زێباری»بتوانێت بچێتە سەر کورسی سەرۆککۆمار، ھۆکارەکەش ڕوونە و ھیچ تێڕامان و بوعدێکی قووڵی سیاسی پێناوێت، بۆ مەگەر ئەوانەی پێشتر و ئێستاش پۆستی گرنگیان لە بغداد وەرگرتووە گەندەڵییان نەبووە؟
ھوشیار زێباری پێشتر وەزیری دەرەوە بوو، ئەگەر گەندەڵ بوو مەگەر بۆچی ڕێگایاندا دوایی ببێت وەزیری دارایی؟