بەو جۆرە وەڵامی مەسرور بارزانی بدەنەوە
ئاسۆ حاجی
ئەو ژمارە و زانیاریانەی مەسرور بارزانی دەربارەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان خستیە روو، دەرفەتت گومان و لێکدانەوە و فاڵگرتنەوەی نەهێشت، چونکە بە روونی و ئاشکرایی و بە سادەیی و زمانی ژمارە هەموو شتێکی گوت، ئەوەی پێویستە لەومەودوا جەختی لێبکرێتەوە دوو خاڵە:
یەکەمیان، بۆ رۆژمان بەوڕۆ گەیشت، لە هەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی موچەخۆرە، لەو ژمارە زۆرەی بەناهەق خانەنشین کراو، لەوانەش هەمووی خراپتر ئەو رێگریانەی لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازی دەکرێت کە گرنگترین یاسایە بۆ چاککردنەوەی باری لاری ژیانی و ژیاری خەڵک و راستکردنەوەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا.
دووەمیان، ئاشکراکردن و باسکردنی ئەو هۆکارانەی لە پشت نەگەڕاندنەوەی داهاتی خاڵە سنووریەکان و داهاتی ناوخۆیی سلێمانی و هەلەبجەیە بۆ گەنجینەی حکومەت، لەوەش پێویستتر کە باس بکرێت نەهێشتنی ئەو پارەیەی بۆ موچەی خەڵک لە بانکەکان لەلایەن هێزی دەسەڵاتداری سلێمانی، دەبێ خەڵک گلەیی و گازندەکانیان رووبەڕووی یەکێتی بکەنەوە کە دەستی بە سەر سلێمانی و چارەنووسی خەڵکەکەی و پاروە نانی منداڵەکانیان داگرتووە، دەبێ رەخنەش لەو حیزبە چەواشەکارانە بگرن، کە ناوێرن باس لەو هەموو خراپەکاریانە بکەن و لە جیاتی یەکێتی پڕی حکومەت و سەرۆکەکەی دەدەن.
باسکردن و کار لەسەر کردنی ئەو دووخاڵە باشترین وەڵامن بۆ ئەو راستیانەی مەسرور بارزانی بە جورئەتەوە رایگەیاندن و تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی خەڵک و ئەوانەش کە بەناوی خەڵک قسە دەکەن و خۆیان بە پارێزەری مافەکانی خەڵک دادەنێن.