کەشتیەکانی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا لە ئەوروپا دەستیان بەسەردا دەگیرێت


 بەرپرسانی فەڕەنسا و گۆڤاری فۆربس وتیان فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەستیان گرتووە بەسەر دوو کەشتی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیادا، ئەوەش لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانەدا کە بەسەر دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیادا سەپێندراون بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا.


داتاکانی چاودێریکردنی هاتوچۆی کەشتیەکان ئاشکرای دەکات لانی کەم پێنج کەشتی ملیاردێرە ڕووسیەکان لە ماڵدیڤس لەنگەرییان گرتووە.

دوابەدوای سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا، کەشتیەکان گواسترانەوە بۆ ماڵدیڤس، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە وتوویانە ئەو دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندانەی ڕووسیا دەکەنە ئامانج کە لەژێر دەسەڵاتی پوتندا سەرمایەیەکی زۆرییان کۆکردۆتەوە و کاریگەرییەکی سیاسیی زۆرییان هەیە.

وەزیری دارایی فەڕەنسا برونۆ لو مایر دوای ئەوەی گومرگی فەڕەنسا دەستیگرت بەسەر کەشتی ئامۆرێ ڤیرۆدا، وتی " سوپاس بۆ بەرپرسانی گومرگی فەڕەنسا کە سزاکانی یەکێتی ئەوروپایان بۆ سەر کەسە نزیکەکانی حکومەتی ڕووسیا جێبەجێ کردووە."

وتی کەشتیەکە خەریک بووە هەڵبێت.

وەزارەتی دارایی فەڕەنسا وتی کەشتیەکە گواستراوەتەوە بۆ بەندەری ڕیڤیێرای فەڕەنسا و سەر بە کۆمپانیایەکە کە خاوەن پشکی سەرەکی کۆمپانیاکە سەرۆکی ڕۆسنەفت ئیگۆر سێچینی هاوپەیمانی نزیکی پوتنە.

ڕۆژنامەی فۆربس وتی لە ئەڵمانیا کەشتیەکی 600 ملیۆن دۆلاری لە باکووری بەندەری هامبۆرگ دەستی بەسەرداگیراوە کە خاوەنەکەی ئالیشەر ئوسمانۆڤ، ئەمیش بە هەمان شێوە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا هەیە.

هەروەها لە نیشانەیەکی دیکەدا لەسەر ئەوەی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا لە دەست سزاکان هەڵدێن، خاوەنی یانەی تۆپی پێی چیڵسی ئینگلیزی ملیاردێر ڕۆمان ئابرامۆڤیچ وتی یانەکەی دەفرۆشێت و بەڵێنیداوە پارەکەی بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی جەنگی ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
أحدث أقدم

نموذج الاتصال